حکومەت 'رۆژی نیشتمانیی عێراق'ـی کردە پشوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە سەرجەم وەزارەت و دام و دەزگاکانی دەوڵەت بکرێتە پشووی فەرمی.
ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 26-09-2023، بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی "جەژنی نیشتمانیی کۆماریی عێراق"، بڕیاریدا رۆژی سێشەممە، 03-10-2023، لە سەرجەم وەزارەت و دام و دەزگاکانی دەوڵەت پشووی فەرمی بێت.
کۆمەڵەی گشتیی گەلان لە 03-10-1932 رەزامەندی دەربڕی کە عێراق ببێتە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان، دوای ئەوەی لە 12-07-1932 لەلایەن نووری سەعید، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراقەوە داواکاریی بۆ ئەندامبوونی پێشکێش کردبوو.
عێراق بووە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان و سەربەخۆیی بەدەستهێنا، بۆیە ئەو رۆژە وەک جەژنی نیشتمانیی عێراق دیاریکراوە.