نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە دەکات، هانی هەردوولاش دەدات لە هاوئاهەنگی بەردەوام بن.
 
رۆژی هەینی 26ی ئەیلوولی 2025 نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە ئێکس بڵاویکردەوە، "نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا."
 
نێردەکە دەشڵێت، "هەبوونی هاوئاهەنگی چالاک لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە وڵات و هەرێمدا گرنگە."
 
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە وەستانی، هەولێر و بەغدا ئەم هەفتەیە رێککەوتن هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە. 
 
جگە لە یەکێتیی ئەورووپا، هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیاش پێشوازییان لە رێککەوتنەکە کردووە. 
 
ئەمڕۆ، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسووڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پێشوازییان لە رێککەوتنەکە کرد و رایانگەیاند: "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی وەبەرهێنانی زیاتر و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی هاووڵاتیانی عێراق". 
 
ئاماژەیان بەوەش کرد، دەستخۆشی لە بەغدا و هەولێر دەکەن "بۆ پابەندبوونیان بە دیالۆگ بۆ گەیشتن بەم پێشکەوتنە".
 
دوێنێ، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پێشوازی لە راگەیاندنی ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لەنێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کراوە بۆ وەگەڕخستنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا؛ رێککەوتنێک کە ئەمریکا ئاسانکاریی بۆ کردووە و سوودی بەرچاوی بۆ ئەمریکی و عێراقییەکانیش دەبێ".