سوودانى: دەبێت هاوکاریى قەزاى شنگال بکرێت بۆئەوەى ئاوارەکان بگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى کرد هاوکاریى قەزاى شنگال بکرێت بۆئەوەی ئاوارەکانی قەزاکە بتوانن بگەڕێنەوە. داواشیکرد، دەروازە سنوورییەکان تووند بکرێنەوە بۆ رێگرى لە بەقاچاخبردن.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى کرد هاوکاریى قەزاى شنگال بکرێت بۆئەوەى سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لەناو قەزاکە هەبن، بە مەبەستى ئاسانکارى بۆ هاووڵاتییان لە تەواوکردنى مامەڵەکانیان و فەراهەمکردنى ژینگەیەکى شیاو کە هانى ئاوارەکانى شنگال بدات بگەڕێنەوە.
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کاتی سەرۆکایەتیکردنى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەتى ئاسایشى نیشتمانى بوو، کە رۆژی چوارشەممە 25ى تشرینى یەکەمى 2023 بە ئامادەبوونى بەرپرسە ئەمنییەکان کراوە.
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانى، فەرمانی داوە بە پاڵپشتیکردنى توانا مرۆییەکان و تەرخانکردنى پارە و ئامێرى پێویست بۆ بەهێزکردنى دەروازە سنوورییەکان لەپێناو رێگریکردن لە بەقاچاخبردن.
بەشێکى دیکەى کۆبووەنەوەکە، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تایبەت بووە بە دۆخى ئاسایش و بەهێزکردنى پلانە ئەمنییەکان بۆ هێنانەکایەى سەقامگیرى و ئاسایش لە سەرجەم عێراق.
ئەو کۆبوونەوەیە لەدواى ئەوە دێت کە لە 18 و 20ى تشرینى یەکەمى 2023 چەند هێرشێک بە مووشەک و درۆن کرانە سەر چەند بنکەیەکى سەربازیى ئەمریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان.
پێشتر لە 23ی تشرینى یەکەمى 2023، لیوا یەحیا رەسوول، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندبوو، دژی ئەو هێرشانەن کە دەکرێنە سەر ئەو بنکە عێراقییانەى راوێژکارانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لێیە، کە لەسەر داواى فەرمیى حکومەت لە عێراقن، بۆ پاڵپشتیکردنى هێزە ئەمنییەکان لە بواری مەشقپێکردن، ئامادەکردن و راوێژدانەوە.