پەرلەمانتارێک: پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد رایگەیاند، دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە 18-12-2023 لە پارێزگاکانی عێراق و پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 26-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە کوردە، لایەنەکان لە بەغدا بەڵێنیان داوە پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بکەن و دەنگی پێبدەن، بۆیە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پڕۆژەکە دەخرێتە دەنگدان و پەسند دەکرێت.
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، چەند جارێک خرایە بەرنامەی کاری پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت، بەڵام دواخراوە.
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەرجارەو بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت.
رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.