زیاتر لە 1000 سندووقی سکاڵا لە بنکەکانی دەنگدان دانراون؛ سکاڵا بە مەرج وەردەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژانی دەنگداندا زیاتر لە 1500 سندووقی سکاڵا بۆ ماوەی سێ رۆژ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێن.
رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2025 نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە سەدان سندووقی سکاڵا لە رۆژانی دەنگدان دادەنرێن؛ ئەو کەسانەی لەکاتی دەنگداندا سەرپێچییەک دەبینن، دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن."
وەرگرتنی سکاڵا بە مەرجە. نەبەرد عومەر گوتی، "ئەگەر لە سکاڵاکەدا کاتی سەرپێچییەکە نەنووسرابێت، پووچەڵە و وەرناگیرێت. دەبێت کاتەکە بە خولەک بنووسرێت، تاوەکو بتوانین لە هەمان کاتدا سەیری کامێراکانی چاودێری بکەینەوە."
بە گوتەی بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردن سەیری سکاڵاکان دەکرێت، بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و یەکلایی دەکرێنەوە.
بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بە 111 هەزار و 382 کامێرای چاودێری کۆنترۆڵ دەکرێن و لە هەموو بنکەکاندا کامێرا دادەنرێن بۆ تۆمارکردنی هەر رووداو یان پێشێلکارییەک لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، زیاتر لە 1,500 سندووقی سکاڵا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دانراون:
پارێزگای هەولێر: 607 سندووقی سکاڵا
پارێزگای سلێمانی: 588 سندووقی سکاڵا
پارێزگای دهۆک: 321 سندووقی سکاڵا
بڕیارە رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکرێت. بۆ ئەو هەڵبژاردنە، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە.