منداڵێکى پێنج ساڵان بە بێهۆشی لە ئاوەڕۆیەکی بەغدا دەرهێندرا
رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا منداڵێکى پێنج ساڵان لە دەمى مەنهۆڵێکەوە دەکەوێتە نێو ئاوەڕۆیەکەوە و بە بێهۆشى رزگار دەکرێت. بەرگریى شارستانیی عێراق دەڵێت: "مەنهۆڵەکە سەرى پێوە نەبووە کاتێک منداڵەکە کەوتووتە ناوى و بەهۆى هەڵمژینى گازى میسان بێهۆش بووە."
رۆژی 26ی تشرینى دووەمى 2022، نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: منداڵێکى پێنج ساڵان لە گەڕەکى گەیارەى سەر بە ناوچەى سەدرى بەغدا، لە دەمى مەنهۆڵێکەوە کەوتە نێو ئاوەڕۆیەکی ئەو گەڕەکە، بەهۆى ئەوەى مەنهۆڵەکە سەرى پێوە نەبووە و دانەپۆشراو بووە.
نەواس سەباح ساکر گوتیشى: "دوو تیمى یەکەى فریاگوزاریی و بەرگریى شارشتانى لە ماوەى 15 خولەکدا منداڵەکەیان لە ئاوەڕۆکە دەرهێنایەوە، بەڵام بەهۆى هەڵمژینى گازی میسان بێهۆش ببوو، بۆیە برایە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى."
رزگارکردنى ئەو منداڵە لە دواى رۆژێک دێت لە گیانلەدەستدانى دوو منداڵ لە گوندى حەسارى گەورە لە پارێزگای کەرکووک بەهۆی لافاوەوە.