پارێزگاری نەینەوا دەستی لەکارکێشایەوە و سوودانیش پەسندی کرد

رووداو دیجیتاڵ 

نەجم جبووری دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگای نەینەوا پێشکێش کرد و دەست لەکارکێشانەوەکەشی لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پەسندکراوە. 
 
دوای ئەوەی لەلایەن دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق تۆمەتی بەعیسبوونی درایە پاڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە 26-11-2023 نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکێشی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد ئەویش پەسندی کردووە. 
 
عەبدولقادر دەخیل متێوتی بە وەکالەت لە شوێنی جبووری دەستنیشان کرا.
 
نەجم جبووری لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا دەڵێت، "بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکانی هەڵگرتنی ریشەکێشکردن و دەنگدانی لە پەرلەمان، داوا لە بەڕێزتان دەکەم دەستلەکارکێشانەوەم لە پۆستی پارێزگای نەینەوا قبوڵ بکەن و داوا لە بەڕێزتان دەکەم کەسێکی گونجاو بۆ ئەو پۆستە دیاری بکەن." 
 
هەر لەوبارەوە، ئەحمەد جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە نەجم جبووری لە پەیجی فەیسبووکی خۆی  وێنەیەکی خۆی و نەجم جبووری داناوە و نووسیویەتی، "رێز لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەت دەگرین."
 
ساڵح جبووری، قایمقامی موسڵ بە وەکالەت رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،  "نەجم جبووری چووەتە بەغدا، ئەو هەواڵەشم بیستوە، بەڵام نووسراوی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە." 
 
رۆژی 25- 09-2023، دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق نووسراوی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و لیستێکی هاوپێچ کردبوو کە لە 150 کەس پێکهاتبوو و ئاماژە بەوە کرابوو، ئەو کەسانە پێشتر بەعسی بوون و لەسەر ئەو بنچینەیەش مافی ئەوەیان نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر بن.
 
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەبەر ئەوەی رێکارەکانی هەڵگرتنی لێپرسینەوە و دادپەروەریی تەواو نەبوو کە دەبوو پەرلەمان دەنگی لەسەر بدایە، نەجم جبووری ئەمڕۆ یەکشەممە، دەست لەکارکێشانەوەی پێشکێش کردووە.
 
باس لەوەدەکرێت عەبدولقادر دەخیل متێوتی، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ، بۆ پۆستەکەی راسپێردراوە، بەڵام رەفعەت سمۆ لەوبارەوە گوتی، بە فەرمی هیچیان پێنەگەیشتووە.
 
نەجم عەبدوڵڵا عەبد ساڵح جبووری، پارێزگای نەینەوا یەکێک بوو لەوانەی ناوی لە لیستەکەدا هەبوو کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەربژێر کردووە، کە بڕیارە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت. 
 
دوای ئەوەی نەجم جبووری تانەی لە بڕیارەکەی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق دا، رۆژی 11-10-2023 دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵی عێراق کۆبووەوە و تانەکەی جبووری رەتکردەوە و بڕیارەکەی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسندکرد.
 
رۆژی سێشەممە، 17-10-2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا هەڵاوێردن بۆ نەجم جبووری بکات و پێشنیازی بۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر هەڵاوێردنەکە بدەن. 
 
دواتر  دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق لە نووسراوێکیی دیکە سووربوو لەسەر ئەوەی نەجم جبووری رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەوەری دەیگرێتەوە بەم شێوەیە ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات، کە بڕیارە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت.