وەزارەتی کارەبای عێراق: 2000 مێگاوات کارەبا لە وڵاتانی کەنداو وەردەگرین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە سێ ساڵی داهاتوودا و لە رێگەی پڕۆژەی تایبەت بە وزەی خۆر و بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی کەنداوەوە، 14 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد بکرێت.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 26-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی تایبەت بە سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر 7000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و بە دەستپێکردنی قۆناخی دووەمیش بڕەکە لە 3 ساڵدا بۆ 12 هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە؛ هەروەها 4 هەزار مێگاوات کارەباش لە وێستگە گازییەکانەوە بەرهەم دەهێندرێت."
سەبارەت بە بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی دیکەوە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبا بەردەوامە و 95%ی کارەکانی گرێدراو بە کوێت لەلایەن وەزارەتی کارەبای ئەو وڵاتەوە لە ناوچەی وەفرە تەواو بوون. لە ناوچەی فاوی بەسرەش 100%ی کارەکانمان تەواو کردوون. لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا 500 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وڵاتانی کەنداوەوە وەک قۆناخی یەکەم زیاد دەکرێت، دواتر لە قۆناخی دووەمدا دەبێتە 1000 مێگاوات و لە قۆناخی سێیەمیشدا دەگاتە 2000 مێگاوات."
ئەحمەد موسا گوتیشی، "ئەم هەوڵانە لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی وزەوە دێن کە بەپێی رێککەوتنەکان بڕەکەیان دەگاتە 58 هەزار مێگاوات، جگە لە پڕۆژە نیشتمانییەکان کە بڕەکەیان 28 هەزار مێگاواتە. هەروەها کارکردن بۆ زیادکردنی بەرهەمی گازی نیشتمانی و راگرتنی سووتاندنی گازی هاوەڵ بەردەوامە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، "پێشتر رێککەوتنمان لەگەڵ ئوردن و تورکیا هەبوو بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا. بەم نزیکانەش رێککەوتنێکی ستراتیژیمان لەگەڵ سعودیە دەبێت و هەموو کارەکانی رێککەوتنەکە تەواو بوون و تەنیا کاتی راگەیاندنی دەستپێکی کار ماوە."
وەکو ئەحمەد موسا ئاماژەی پێکرد، "ئەو پڕۆژانە ستراتیژیین و بەردەوامن، پێشتر واژۆکراون و نەبوونی حکومەت کاریگەریی ناکاتە سەر کارەکانمان."
ئێستا عێراق زیاتر لە 28 هەزار و 100 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لە کاتێکدا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، پێویستی بە 55,000 مێگاوات کارەبایە.
بە گوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەستاندنی سووتاندنی گازی هاوەڵ لە عێراق گەیشتوەتە 74%. بەگوتەی ئەحمەد موسا "ئەمەش پشتگیرییەکی گەورەیە بۆ تۆڕی کارەبا."