فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق: 4500 کیلۆمەتر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مین پاککراوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی فەرمانگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە 4500 کیلۆمەتر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مین پاککراوەتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا حەمید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 2300 کیلۆمەتر لە خاکی عێراق بە مینڕێژکراوی ماوەتەوە کە نزیکەی 200 کیلۆمەتری لە سنووری هەرێمی کوردستانە.
 
مستەفا حەمید گوتی: "لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە 4500 کیلۆمەتر خاکی مینڕێژکراو پاککراوەتەوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی کاروباری مین لە عێراق، مینەکان هەمەجۆرن، دیارترینیان "مینی دژەمرۆڤ و دژەتانکن کە زیاتر لە سنوورەکانی ئێران و پارێزگاکانی باشووردا هەن و بۆ سەردەمی جەنگی ئێران – عێراق دەگەڕێنەوە، ئەمە جگە لە بوونی سەدان پاشماوەی جەنگیی شەڕەکانی دوای 2003 و سەردەمی شەڕی داعش."
 
دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق، رۆژی 9ـی ئابی 2023 لە رێوڕەسمێکدا لە بەغدا پلانی ستراتیژیی هاوبەشی نیشتیمانییان بۆ بەرنامەی کاروباری مین و پاککردنەوەی خاک لە مین و پاشماوەکانی جەنگ راگەیاند.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی کاروباری مین لە عێراق دەڵێ، هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان لە کار و کۆکردنەوەی داتاکاندا هەیە.
 
لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە 30 هەزار کەس بەهۆی تەقەمەنی و پاشماوەکانی دیکەی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون.