باڵیۆزی ئەمریکا لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە عێراق: دەبێت بووەستێندرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی رووداوەکانی 24 کاژێری رابردوو دەڵێت، کاری هەرە لەپێشینەی سەرۆک [جۆ بایدن] پاراستنی کارمەند و سەربازەکانیانە.
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا ئەمڕۆ سێشەممە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان وەکو میوانی حکومەتی عێراق لە عێراقن، لەبەرئەوە هێرشکردنە سەریان هێرشکردنە سەر عێراقە و ئەم هێرشانەش کە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە دەکرێت دەبێت بووەستێندرێن".
 
چی روویدابوو؟
 
دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە. 
 
لە بەرامبەردا، بە گوتەی مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە کاژێر 4:45ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە بە کاتی هەولێر، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سێ شوێنی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە بەگوتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کوژرانی چەکدارێک و برینداربوونی 24 چەکدار و سەربازی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
 
لەبارەی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر کەتائیبی حیزبوڵڵا، مایکڵ کوریلا گوتی "ئامانج لەم هێرشە ئاسمانییانە لێپرسینەوەیە لەو لایەنانەی بەرپرسیاری راستەوخۆی هێرشەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانن لە عێراق و سووریا، بۆ ئەوەی توانای هێرشبردنیان لاواز بکەین. ئێمە هەمیشە هێزەکانمان دەپارێزین."
 
لە بارەی سەربازە بریندارەکانی وڵاتەکەی، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی "نزام بۆ ئەو ئەمریکییە قارەمانانەیە، کە بریندار بوون."
 
ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە هەولێر ئاگادارکراوەتەوە و ئەویش فەرمانی بە پێنتاگۆن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ وەڵامدانەوە دژی ئەو لایەنانەی بەرپرسن.
 
ئەدریێن واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی "سەرۆک هیچ شتێک لە سەرووی پاراستنی هێزە ئەمریکییەکانەوە دانانێت، کە لەژێر مەترسیدا خزمەت دەکەن. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، ئەمریکا لە کات و بە رێگەی هەڵبژێردراوی خۆی هەنگاو دەنێت."
 
چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژراوە 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا لە حلەی ناوەندی پارێزگای بابل کوژراوە. 
 
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 20 کەسی دیکە کە هەشتیان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی عێراقن. هاوکات، چوار چەکداریش لە پارێزگای واست لە باشووری عێراق بریندار بوون.
 
لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە هێرش بۆسەر پێگەکانی ئەمریکا زیادیکردووە
 
لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا لانیکەم 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر. 
 
هەر لەم مانگەدا، لە هەڵچوونێکی گەورەی گرژییەکاندا، بۆ یەکەمین جار دوای ساڵێک، هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. 
 
ئەم گرژیانەی ئێستاش کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوە دێن؛ ئۆستن لە سەردانێکی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕایەوە، کە ئامانج لێی رێگریکردن بوو لە هەوڵەکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ ئەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل فراوانتر نەکەن.
 
هەڵوێستی حکومەتی عێراق چییە؟
 
حکومەتى عێراق رایگەیاند، لە بۆردوومانەکەى سوپاى ئەمریکا کارمەندێکى هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 18ـى دیکە بریندار بوون. حکومەت سەرکۆنەى هێرشەکەی کردووە و دەڵێت، "ئەوەى روویدا، کارێکى دوژمنکارانەى روونە و لە بەرژەوەندیى رێچکەى هاوبەشى درێژخایەن نییە بۆ هێنانە کایەى ئارامى و سەقامگیرى."
 
رۆژی 26ـی كانوونى یەکەمی 2023 نووسینگەى رۆژنامەڤانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیێندراوێکى لە بارەى بۆردوومانکردنى چەند بنکەیەکى گرووپە چەکدارەکانى سەر بە حەشدى شەعبی لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە بڵاوکردەوە.
  
لە بەشێکى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو بۆردوومانانەى سوپاى ئەمریکا زیان بە پەیوەندیى دوو قۆڵى نێوان هەردوو وڵات دەگەیێنێت و رێگەى گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە بوونى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لەرێگەى دیالۆگى هاوبەشەوە، ئاڵۆز دەکات.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت "حکومەت لە رێگەى هێزە ئەمنییەکانی و دامەزراوە دەستووری و دەسەڵاتە یاساییەکانەوە بەرامبەر بەو کەسانە دەوەستێتەوە، کە هێرش دەکەنە سەر بارەگاى نێردە دیپلۆماسیە بیانییەکان."