گەنجێکی واست لە شەڕى نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی پارێزگای واست لە رووسیا کوژرا، کە لە ریزی سوپای ئەو وڵاتەدا بەشداریی لە شەڕ لە دژی سوپای ئۆکراینادا کردووە.
هەینی 26ی کانوونی یەکەمی 2025، حەبیب بەدری، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای واست بە رووداوی راگەیاند: "ئەو گەنجە تەمەنی 30 ساڵە و ناوی عەبدوڵڵا جبوورییە و خەڵکی قەزای حەییە لە پارێزگای واست."
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پرسەی ئەو گەنجە بووە لە قەزاکە، بەڵام تەرمەکەی هێشتا لە رووسیاوە نەگەڕێنراوەتەوە.
حەبیب بەدری رایگەیاند، "ئەو گەنجە لە ریزی سوپای رووسیا دا بووە کاتێک کوژراوە؛ لەلایەن ئەو باندانەوە هەڵخەڵەتێنراوە کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و بردوویانەتە ئەو وڵاتە، خێزانەکەشی ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کوژراوە."
لە ساڵی 2022ـەوە جەنگ لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا دروست بووە و سەدان هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە 24ی کانوونی یەکەم، لەبارەی چارەسەری دۆخی ئەو عێراقییانەی بۆ شەڕ چوونەتە رووسیا، کۆبوونەوە.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، یاسای سزادانی عێراق سزای بەندکردنی ئەو کەسانە دەدات، کە پەیوەندی بە هێزی چەکداری دەوڵەتێکی دیکەوە دەکەن بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق.
چوارشەممە، 24-12-2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەدان عێراقی لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا بەشدارن و لیژنەیەکیان بۆ گەڕاندنەوەیان پێکهێناوە.