بەرگریی شارستانیی عێراق رێنمایی بۆ شەوی سەری ساڵ بڵاوکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رێنمایی تایبەت بە بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان لە شەوی سەری ساڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت، تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان بە شێوەی ئاسۆیی قەدەخەیە و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەس سەرپێچی رێنماییەکان بکات "دەستگیر دەکرێ".
رۆژی هەینی، 26-12-2025، نەواس شاکر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی یارییە ئاگرینە گەورەکان و ناشبێت منداڵان بە هیچ جۆرێک ئەو یارییانە بەکاربهێنن."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێ، بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان لەم شوێنانەدا قەدەخەیە:
- نزیک نەخۆشخانە، بازاڕ و فرۆشگا بازرگانییەکان.
- نزیک وێستگەکانی سووتەمەنی، تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی و مۆلیدەکان.
- نزیک دار و دارخورما و بینای نیشتەجێبوون.
- شوێنە داخراوەکان یان ئەو شوێنانەی قەرەباڵخییەکی زۆریان تێدایە.
نەواس شاکر گوتی: "نابێت یارییە ئاگرینەکان لەنێو ماڵ یان لە نزیک بوتڵی گاز و بەرهەمە نەوتییەکان هەڵبگیرێن،" داواشی لە هاووڵاتییان کرد، "بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان، پابەندی رێنماییەکان بن و دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی یارییەکان بە شێوەی ئاسۆیی، چونکە بەو جۆرە مەترسیی گەورە دروست دەکەن."
جەختیشی کردەوە رایگەیاند: "هێزەکانی ناوخۆ راسپێردراون کە هەرکەسێک پابەندی ئەو رێنماییانە نەبێت و سەرپێچی بکات، دەستگیر بکرێ."