کشتوکاڵی عێراق: لە هەندێک ناوچە کەمتر لە 30 ملیمەتر باران باریوە
رووداو دیجیتاڵ
کەمبارانی بەشی زۆری عێراقی گرتووەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، باران لە سەرجەم پارێزگاکان بەراورد بە هەمان ماوەی پار کەمبووەتەوە.
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بڕی بارانبارین لە سەرجەم پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو کەمترە، بەتایبەتی پارێزگاکانی باشوور کە لە هەندێک ناوچەدا کەمتر لە 30 ملیمەتر باریوە."
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرت. محەممەد خوزاعی دەڵێت، "بەهۆی کەمیی باران و بەبیابانبوونەوە، رووبەری زەویی نێو پلانی کشتوکاڵیی ئەم ساڵمان زۆر کەم بووەتەوە، بە جۆرێک کە ئەم ساڵ 6 ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی گەنم و جۆی تێدا دەچێندرێت، لە کاتێکدا پار 8 ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی لە پلاندا بوو. کەواتە بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵمان کەمتر دەبێت لە پار."
هاوکات عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە رووداوی گوت، "لە پارێزگاکانی میسان، زیقار، بەسرە و ناسرییە تا ئەم کاتە کەمترین بڕی باران باریوە."
بە گوتەی جابری، "پێشبینی دەکرێت لە مانگی شوباتدا بارانی باش ببارێت، بەڵام نازانین ئایا سوودێکی ئەوتۆی بۆ کەرتی کشتوکاڵمان دەبێت یان نا، بەڵام لەو بڕوایەدا نین کە ئەم ساڵ وشکەساڵیی گشتی بێت."
هاوکات هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وشکەساڵی دیاردەیەکی سرووشتییە و بەگوێرەی بڕەکەی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ لە هیچ ناوچەیەک وشکەساڵیمان رانەگەیاندووە، چونکە ئەوە هاوئاهەنگی و بۆچوونی هەموو فەرمانگەکانی دەوێت."
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ جگە لە سلێمانی کە یەک ملیمەتر بارانی زیاتر لە پار باریوە، لە سێ پارێزگاکەی دیکە ئاستی باران نەگەیشتووە بە پار.