دژەتیرۆری ئەمریکا: لەگەڵ بەغدا باسمان لە گواستنەوەی چەکدارە "هەرە مەترسیدارەکانی" داعش کردووە
رووداو دیجیتاڵ
جۆو کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەمریکا (NCTC) رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی بەغدای کردووە بۆ سەرپەرشتیکردن و پاڵپشتیکردنی پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارە "هەرە مەترسیدارەکانی" داعش لە سووریاوە بۆ زیندانەکانی عێراق.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 27-1-2026، جۆو کێنت، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وردەکاریی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق بڵاوکردەوە، لەوانە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری و سەرکردەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق.
بەرپرسە ئەمریکییەکە جەختی کردەوە، دەزگاکەیان کار دەکات بۆ دیاریکردنی زیندانییە "هەرە مەترسیدارەکان" بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی بە شێوەیەکی پارێزراو دەگوێزرێنەوە و لە رێگەی سیستمی دادوەرییەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
بەڕێوەبەرەکەی دژەتیرۆری ئەمریکا نووسیویەتی: "سوپاس بۆ حکومەتی عێراق بۆ هاوبەشییە بەهێزەکەی لەم ئەرکە گرنگەدا." هەروەها ئاماژەی بە گفتوگۆکان کردووە لەبارەی شەڕی دژی داعش و پێویستیی بەپەلە بۆ چەککردنی ئەو گرووپە چەکدارە عێراقییانەی کە هاوپەیمانی ئێرانن. جەختیشی لە پابەندبوونی ئەمریکا لەژێر سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ کردەوە بۆ "کارکردنی نزیک" لەگەڵ عێراق بەمەبەستی برەودان بە سەقامگیریی ناوچەکە و "لەنێوبردنی یەکجارەکیی" هەڕەشەی داعش.
گواستنەوەی 7 هەزار چەکدار
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کە لە 21ی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردووە، بۆ گواستنەوەی نزیکەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی پەیوەست بە داعش لەو شوێنانەی پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدا بوون بۆ شوێنی پارێزراو لە عێراق. یەکەم بەشی دەستگیرکراوەکان کە 150 کەس بوون، هەر هەمان رۆژ لە پارێزگای حەسەکەوە گوێزرانەوە و پرۆسەکە بە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بەڕێوەچوو.
گواستنەوەکە دوای ئاگربەستێکی لەرزۆک دێت لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هەسەدە.
دیمەشق دەسەڵاتی خۆی بەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکانی پێشووی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا سەپاند، لەنێویاندا کەمپی هۆل و چەندین زیندان، ئەوەش دوای پاشەکشەی هەسەدە لە چەند ناوچەیەک. گۆڕانی دەسەڵات لەو ناوچانە ترسی دروستکردبوو لە ئەگەری هەڵاتنی زیندانییەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەنگۆی هەڵاتن لە زیندانێک بڵاوکرایەوە.
سێنتکۆم ئۆپەراسیۆنەکە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت بۆ رێگریکردن لە هەڵاتنی داعشەکان کە دەکرێت مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و ناوچەکە. بەرپرسانی عێراقیش رایانگەیاندووە، بەغدا ئەو چەکدارانە دادگایی دەکات و دەسەڵاتی دادوەریی وڵات ئامادەکاری دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانیاندا.
دەستپێشخەرییەکە رەنگدانەوەی قوڵبوونەوەی پێکەوەکارکردنی نێوان ئەمریکا و عێراقە لە پرسی دژەتیرۆردا، لە کاتێکدا دیمەشق دەسەڵاتی خۆی بەهێز دەکاتەوە دوای رووخانی بەشار ئەسەد. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی رۆڵی بەغدای کرد لە خێراکردنی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش و داوای کرد عێراق خۆی لە کاریگەریی ئێران بەدوور بگرێت.