ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق: دەنگۆی دزینی 3600 پلەی دامەزراندن راست نییە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە باس لە "دزینی" 3,600 پلەی وەزیفیی تایبەت بە هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان دەکەن، دەڵێت، ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە "ساختەیە".
  
سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵیی عێراق، رۆژی سێشەممە 27-01-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەواڵانەی لە هەندێک پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بانگەشەی دزینی زیاتر لە 3,600 پلەی وەزیفی کە بۆ هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان تەرخانکراون، دوورن لە راستییەوە." 
 
بەگوتەی سەعد لامی، "ئەو نووسراوەی دەستاودەستی پێدەکرێ ساختەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵییەوە نییە و لەلایەن هیچ کام لە بەشە فەرمییەکانی ئەنجوومەنەکەوە دەرنەچووە."
 
ئەنجوومەنەکەیان داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات "ورد و وریابن" لە گواستنەوەی زانیارییەکان و تەنیا پشت بە کەناڵە فەرمییەکانی ئەنجوومەنەکە ببەستن؛ هەروەها جەختی لەوە کردەوە: "مافی یاسایی خۆمان دەپارێزین بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانەی هەواڵ و بەڵگەنامەی ساختە بڵاودەکەنەوە."
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسراوێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ژمارەیەکی زۆر لەو پلە وەزیفییانەی بۆ یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان تەرخانکراون، بە "نایاسایی" بردراون.