کەتیبەکانی حیزبوڵڵا فۆرمی "شەهیدبوون لەپێناو ئێران" بڵاودەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی ئێران و ئەمریکا و گەیشتنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی فۆرمی فیداکاری لەنێو ئەندام و لایەنگرەکانیدا کۆکردووەتەوە، بۆ بەرگریکردن لە ئێران.
 
لە دوێنێوە، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی فۆرمی تایبەتی "شەهیدبوون بۆ بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی" بڵاوکردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرەکانیان نۆرەیان گرتووە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.
 
لە فۆرمەکەدا ناوی سیانی، نازناو، شوێنی نیشتەجێبوون، ژمارە مۆبایل، نامەی هەڵوێست و واژۆ داوا کراوە.
 
ئەبوو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا وەکو یەکەم کەس فۆرمەکەی پڕکردەوە و لە نامەی هەڵوێستی فۆرمەکەیدا نووسیویەتی، "چەکەکانمان رەوایە و لەدەست موجاهیدەکانمان دەمێنێتەوە."
 
ئەبوو حوسێن حمێداوی، یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026 لە راگەیێندراوێکدا ئەو بانگەوازەی ئاراستەی ئەندام و لایەنگرانی کرد، ئێرانی بە "قەڵخانی 40 ساڵەی پارێزەری ئیسلام" وەسفکرد.
 
ئەبو حوسێن حمێداوی داوای لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبوڵڵا کرد، لە مەیداندا ئامادەکاری بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە بکەن.
 
کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق کە ساڵی 2007 بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا دامەزراوە، یەکێکە لە بەهێزترین گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق و پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئێران هەیە.
 
ئەو گرووپە کە بەشێکی سەرەکییە لە دەستەی حەشدی شەعبی (لیواکانی 45، 46 و 47)، لە رووی ئایدۆلۆژییەوە بڕوایان بە "ویلایەتی فەقیهـ" هەیە.
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە ساڵی 2009ـەوە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە و بە بەرپرسیار دادەنرێت لە دەیان هێرشی مووشەکی و درۆن بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.