هاوکاریی 19 هەزار ژن لە عێراق بڕدرا، 'دەرکەوتووە شوویان کردووە'
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق هاوکاریی مانگانەی 19 هەزار بێوەژن و ئافرەتی تەڵاقدراوی بڕیوە، کە دەرکەوتووە لە دەرەوەى دادگەکان شوویان کردووەتەوە.
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێوشوێنی یاسایی لە دژی 19 هەزار و 705 ژن گیراوەتە بەر کە پێشتر سوودمەند بوون لە هاوکاریی تایبەت بە جیابووەوە و بێهاوژین، لە دوای ئەوەی دەرکەوتووە، شوویان کردووەتەوە.
بڕی ئەو هاوکارییە بەگوێرەی ژمارەی ئەندامانی خێزانی ئەو ژنانەیە کە لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە و لە نێوان 105 هەزار دینار بۆ 315 هەزار دینارە.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، ئاشکرابوونی ئەو دۆسیەیە لە رێگەی سەردانی مەیدانیی تیمەکانیانەوە بووە و دەرکەوتووە گرێبەستی هاوسەرگیرییان لە دەرەوەی دادگاکان کردووە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، نزیکەی 500 هەزار بێهاوژین لە عێراق هاوکاریی مانگانە وەردەگرن.
گوتەبێژی ئەو وەزارەتە رایگەیاند، دەستبەجێ مووچەی ئەو ژنانە بڕدراوە و بانگ دەکرێن بۆ زانیاریی رۆژی هاوسەرگیریکردنیان بە دیاریکراوی، تاوەکو ئەو ماوەیە بزانرێت کە تێیدا هاوکارییان بە نایاسایی وەرگرتووە.