بەشداربوویەکی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: داواکراوە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دوابخرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای کردووە کاتیان پێ بدرێت بۆ رێککەوتن لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و یەکێتیش بە داواکە رازی بووە، بڕیارە ئەو هەڵبژاردنە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دوابخرێت.
 
عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم، کە لە کۆبوونەوەی شەوی 26ی کانوونی دووەمی 2026ی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشدار بوو، بە رووداوی راگەیاند، چوارچێوە بە جیا لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی و پارتی کۆبوونەتەوە.
 
عامر فایز رایگەیاند: "نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان داوایان کرد کە کاتیان پێ بدرێت بۆ رێککەوتن لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەو پێشنیازە رازى بووە."
 
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممەی دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەگوێرەی رێکارە دەستووری و یاساییەکان دەبێت لە ماوەی یەک مانگ لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، لەکاتێکدا یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمان لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەنجامدراوە.
 
عامر فایز رایگەیاند، بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمان بۆ رۆژی یەکشەممە 1ی شوبات دوابخرێت و بۆ ئەوەش دەرچەی یاسایی هەیە، کە ماوەی ئەم مانگە پشووی تێکەوتووە.
 
19 بەربژێر بۆ رکابەریی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار ماونەتەوە، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم کە یەکێکە لە 13 لایەنەکەى پێکهێنەری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، رایگەیاند، هاوپەیمانییەکەی لە هەوڵدایە کە یەکێتی و پارتی بەیەک بەربژێرەوە بچنە ناو پەرلەمان و بەگوێرەی خۆیان زیاتر پرسەکە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە نەک بەغدا.