بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی؛ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای مۆڵەتی زیاتریان کرد بۆئەوەی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش یان شێوازی چوونە ناو پەرلەمان رێکبکەون.
نووسینگەی راگەیاندنی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 27-01-2026 رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان داواکاریی فەرمی لە هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی پێگەیشتووە بۆ دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ. ئامانج لەم دواخستنە، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێدانی کاتی زیاترە بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی نێوان ئەو دوو حیزبە."
لە لایەکی دیکەوە عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم و بەشداربووی کۆبوونەوەی شەوی رابردووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کرد و گوتی، "لە کۆبوونەوەکەی شەوی 26ی کانوونی دووەمدا، نوێنەرانی پارتی داوای کاتی زیاتریان کرد بۆ رێککەوتن، یەکێتییش بەو پێشنیازە رازی بوو."
بە گوتەی عامر فایز، بڕیارە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ رۆژی یەکشەممە، 01-02-2026 دوابخرێت. سەبارەت بە لایەنی یاسایی ئەم دواخستنەش، ئاماژەی بەوە کرد کە "دەرچەی یاسایی هەیە، چونکە لە ماوەی ئەم مانگەدا پشوو هەبووە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تێپەڕبوونی وادە دەستوورییەکە کە دەبوو لە ماوەی مانگێکدا لە دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان (28ی کانوونی یەکەمی 2025) سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.
تاوەکو ئێستا 19 بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە رکابەریدا ماونەتەوە، بەڵام ململانێی سەرەکی لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کە لە 13 لایەن پێکهاتووە، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان بە یەک بەربژێرەوە بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان. عامر فایز دەڵێت، لای ئەوان پرسەکە زیاتر پەیوەندیی بە نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و هیوادارن لەم چەند رۆژەدا لایەنە کوردییەکان بگەنە رێککەوتن.