راپۆرتێک: ئەمریکا هۆشداریی بە عێراق داوە ئەگەر گرووپە چەکدارەکان بەرگری لە ئێران بکەن، بەر هێرش دەکەون

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکا پەیامێکی روونیان گەیاندووەتە بەرپرسانی عێراق، بەوەی "لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، ئەگەر میلیشیا شیعەکان لە عێراق هێرش بکەنە سەر بنکە یان هێزەکانی ئەمریکا، ئەوا ئەمریکا وەڵامیان دەداتەوە."
 
ئەم هۆشدارییە بۆ بەغدا لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین راپۆرتی هەواڵگریی پێگەیشتووە، کە ئاماژە بەوە دەکەن پێگەی حکومەتی ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان کە قسەیان بۆ نیویۆرک تایمز کردووە؛ راپۆرتەکان دەڵێن، دەسەڵاتی حکومەتی ئێران ئێستا لە لاوازترین خاڵدایە لەدوای رووخانی شای ئێران لە شۆڕشی 1979.
 
گرووپەکانی نێو "بەرەی مقاوەمە" لە عێراق کە پشتیوانی لە ئێران دەکەن، رایانگەیاندووە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران، لە شەڕەکەدا بەشدار دەبن. 
 
ئەحمەد حەمیداوی (ناسراو بە ئەبو حسێن)، ئەمینداری کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاندووە: "بە دوژمنان دەڵێین شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەیران نابێت، بەڵکو تاڵترین تامی مردن دەچێژن."
 
هەروەها رێکخراوی بەدر بە سەرکردایەتیی هادی عامری رایگەیاند، لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر تاران، ئەوان لە سەنگەری پشتگیریکردنی ئێراندا دەبن و گوتی: "ئەمە جەنگێکی یەکلاکەرەوەیە و جێگەی بێلایەنی تێدا نابێتەوە."
 
خۆپێشاندان و دۆخی ئابووری
 
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئەو خۆپێشاندانانەی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا سەریانهەڵدا، حکومەتی ئێرانیان هەژاندووە، بەتایبەتی کە ناڕەزایەتییەکان گەیشتوونەتە ئەو ناوچانەی بەرپرسان وایاندەزانی قەڵای پاڵپشتین بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران.
 
هەرچەندە خۆپێشاندانەکان کەم بوونەتەوە، بەڵام حکومەت لە دۆخێکی سەختدا ماوەتەوە. راپۆرتەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، جگە لە ناڕەزایەتییەکان، ئابووریی ئێران زۆر لاوازە و کێشە داراییەکان خێزانەکانی تەنگەتاو کردووە، حکومەتیش بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە پەنای بۆ سەرکوتکردنی تووند بردووە.
 
جووڵە سەربازییەکان و هەڵوێستی ترەمپ
 
سوپای ئەمریکا هێزەکانی لە ناوچەکە زیاد کردووە. کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "سەرۆک ترەمپ بەردەوام زانیاریی هەواڵگریی لەسەر جیهان پێدەگات و سەبارەت بە ئێرانیش لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات."
 
وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، ترەمپ پێشتر هۆشداری دابوو کە دەکرێت هێرش بکاتە سەر ئێران بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانەوە، بەڵام دواتر لە هێرشی دەستبەجێ پاشگەز بووەوە دوای ئەوەی ئێران لەسێدارەدانی خۆپێشاندرانی راگرت. بەپێی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش داوای لە ترەمپ کردبوو هێرشەکە دوا بخات.
 
بەڵام هێشتا هەندێک لە راوێژکارە تووندەکانی ترەمپ دەرفەتێک دەبینن بۆ گۆڕینی "رژێم،" لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان گوتی، "ئامانج کۆتاییهێنانە بە رژێمەکە."
 
کەشتیگەلی زەبەلاح و ئامادەکارییەکان
 
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا بە رۆژنامەکەی گوتووە کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن و سێ کەشتیی جەنگی کە مووشەکی تۆماهۆکیان هەڵگرتووە، چوونەتە ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە رۆژئاوای زەریای هیندی.
 
هەروەها ئەمریکا 12 فڕۆکەی هێرشبەری F-15Eـی دیکە و سیستمی بەرگریی پاتریۆت و THAADـی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مووشەکێکی ئێرانی. فڕۆکە بۆمبهاوێژە دوورمەوداکانیش لە ئامادەیی بەرزدان.
 
سەردانی فەرماندەی سێنتکۆم
 
لە چەند ڕۆژی رابردوودا، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی سووریا، عێراق و ئیسرائیلی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە بەسەرکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و گرتووخانەکانی داعش بووە لە سووریا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی گواستنەوەی زیندانییانی داعش بۆ عێراق بەهۆی مەترسیی هەڵاتنیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ جگە لە ئیسرائیل و عێراق، گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە و قەتەریش کردووە سەبارەت بە دۆخی ئێران.