سوودانی داوای گەشتی ئاسمانی لەنێوان عێراق و ئەرمینیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەرمینیا، داوای رێکخستنی کۆڕبەندی بازرگانیی هاوبەش و دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەردوو وڵات کرد.
ڤاهاگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا بە سەرۆکایەتی شاندێک، ئەمڕۆ سێشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، سوودانی جەختی لە بایەخی ئەم سەردانە کردووەتەوە و باسی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیاکانی ئەرمینیا دەتوانن لە عێراق کاری وەبەرهێنان بکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای رێکخستنی کۆڕبەندی هاوبەشی بۆ بازرگانانی هەردوو وڵات کردووە و جەختی لەسەر پێویستی دەستپێکردن و هەبوونی گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەردوو وڵات و ئاسانکردنی پێدانی ڤیزە بۆ هاندانی گەشتیاریی هاوبەش کردەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی ئەرمینیا رایگەیاندووە، سەردانەکەی دەربڕینی خواستی راستەقینەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەشکردووە، بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی بە ئامادەبوونی بازرگانان هاتووە بۆ ئاگاداربوون لە دەرفەتەکان و فراوانکردنی هاوبەشیی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات.
سەرۆکی ئەرمینیا ئامادەیی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری، بانک، وزەی پاک و نوێبووەوە دەربڕی.