پسپۆڕێکی نێودەوڵەتیی یاساکانی ئاو: چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو لە عێراق ئاسان نییە

رووداو دیجیتاڵ 
 
پارێزەر و ناوبژیوانێکی پەسندکراوی (CEDR) کە پسپۆڕە لە یاسای ئاوی نیشتمانی و نێودەوڵەتی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر رایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا، کێشەی گەورەی بۆ ئاو و ژینگەی عێراق دروستکردووە.
 
پارێزەر و ناوبژیوانەکەی ناوەندی چارەسەری کاریگەری ناکۆکییەکان (CEDR) گوتیشی، ئەم گۆڕانە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق، وڵاتانی دەوروبەریشی، کە سەرچاوەی بەشێکی گەورەی رووبارەکانی عێراقن، هەمان کێشەیان هەیە، بۆیە چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوی عێراق، ئاسان نییە. 
 
لە دووەم رۆژی سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025) پانێڵێک لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. چوار کەسایەتی و شارەزا بەشدارییان لە پانێڵەکەدا کە یەکێکیان د. زەکی شوبەر، پارێزەر و ناوبژیوانی پەسندکراوی CEDR، پسپۆڕ لە یاسای ئاوی نیشتمانی و نێودەوڵەتی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بوو.
 
پانێڵەکە بە ناونیشانی "گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر پێشیلکردنی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان" بوو، تێیدا د. د. زەکی شوبەر باسی چەند تەوەرێکی پەیوەندیدار بە ژینگە و ئاوی کرد کە پەیوەندییان بە عێراق و وڵاتانی دیکەشەوە هەیە. 
 
لە دەستپێکی گوتەکانیدا، شوبەر لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاند، "گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی نادڵنیایی سەبارەت بە بەردەستبوونی ئاو، دۆخی رێکخستن و بەڕێوبردنی سەرچاوەکانی ئاویش ئاڵۆزتر دەکات". دەشڵێت، ئەم ئاڵۆزییانە دەرفەت و ئاڵنگاریشن بۆ ئەوەی "بیربکەینەوە چۆن بە شێوەیەکی تەندروست و باش، ئاو بەکاربهێنین."  
 
پارێزەر و پسپۆرە نێودەوڵەتییەکە ئاماژەی بە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەت لەسەر ئاوی عێراق کرد و گوتی، ئەو کێشەیە دوو ئاڵنگاریی گەورە بۆ عێراق دروستدەکات کە ناتوانرێت پێشبینی بڕی ئاو لە ناوچەیەکی دیاریکراودا بکرێت، ئەمە بەهۆی جیاوازیی بارینی بەفر و باران لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە، هەروەها، گۆڕانەکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای عێراق، کە کاریگەری لەسەر جیهانیش هەبووە. 
 
شوبەر ئەم دوو ئاڵنگارییە بە سەرچاوەی سێ کێشە بۆ عێراق دادەنێت کە دیارترینیان کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان بەتایبەت دیجلە و فووڕات، روودانی کارەساتی سرووشتیی لەوانە وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا کە لە باشووری وڵاتەکە هەستی پێکراوە. ئەو پێیوایە ئەم کێشانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر ژینگە، کشتوکاڵ و مافی مرۆڤ بۆ ژیان لە ژینگەیەکی تەندروستدا هەیە. 
 
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، کەمئاوی کێشەیەکە وڵاتانی چواردەوری عێراقیش کە سەرچاوەی رووبارە گرنگەکانی وڵاتەکەن، هەیانە، ئەوانیش ناچارن بیر لە رێکخستن و رووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە بکەنەوە کە کاریگەری لەسەر ئاوی ئەو رووبارانە دەبێت. کە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لەو کەسانەی ژیانیان لەسەر زۆنگاوەکانە، سەرچاوەکانی داهاتیان لەدەست بدەن. 
 
زەکی شوبەر ئاماژەی بەوەدا، کێشەی ئاو تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە، بەڵکو ئەمە کێشەیەکە لەنێوان وڵاتانی ئەورووپاشدا هەیە. ئەو نموونەی بە رووباری رەین هێنایەوە کە کێشەی لەنێوان سویسرا و فەرەنسا دروستکردووە و، پاریس دەیەوێت ئاوی پێویستی لە رووبارەکە بۆ کشتوکاڵ و وێستگە ئەتۆمییەکانی دەستبکەوێت.