ئاڵنگارییەکانى بەردەم هەڵبژاردنى 2025ـی عێراق لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر

رووداو دیجیتاڵ

بەشدارانى پانێڵێکى سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، پێشبینی دەکەن هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی ئەم ساڵی عێراق گۆڕانى هاوکێشەى سیاسی لێ بکەوێتەوە، بەڵام کەمیی رێژەى بەشداری بە مەترسی دەزانن. 
 
ئاڵنگارییەکانى بەردەم هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق لە سایەى گۆڕانکارى ناوچەکە و جیهان، یەکێک بوو لەو پرسانەى لە پانێڵێکى دووەمین رۆژى سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر تاوتوێ کرا.
 
پانێڵەکە لەژێر ناوی "ئاسۆی هەڵبژاردنی 2025ـی پەرلەمانی عێراق؛ قۆناخێکی نوێ لە گرژی یان ئاڕاستەیەک بۆ ململانێی ئاشتییانەی دەسەڵات" بوو، کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27ـی شوباتى 2024) لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کرا. 
 
رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە
 
رائید فەهمی، سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعی عێراق گوتی، ناکرێت باسی هەڵبژاردن بکرێت بەدەر لەوەى عێراق چاوەڕێى دەکات و لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەى لەبەردەمیدان.
 
رائید فەهمى پێى وابوو سیستمى سیاسى لە عێراق، کێشەی بونیاتگەرانەى هەیە کە جیاوازە لە کێشە سیاسى و ئابوورییەکان، گوتى "پرۆسەى سیاسى نوێ لەسەر بنەماى تائیفی و نەتەوەیی بونیات نراوە، ئەوەش بونیاتنانى دەوڵەتێکى شڵۆقى لێ کەوتووەتەوە کە وایکردووە دەوڵەت بێهێز بێت لە پێشکێشکرنى خزمەتگوزارییەکان. بۆ ئەوەى عێراق بتوانێت رووبەڕووى ئاڵنگارییە دەرەکییەکان ببێتەوە، پێویستە خاوەنى حکومەتێکی بەهێز بێت".
 
تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق کەمی ماوە و بڕیارە لە تشرینى دووەمى ئەم ساڵ، هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق بکرێت. 
 
سکرتێری گشتیی حزبی شیوعیی عیراق ئاماژەى بەوەدا، پێویستە ویستێک هەبێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنى داهاتوو هەنگاوێک بۆ پێشەوە بنێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و کار بکرێت لەسەر ئەوەى هەڵبژاردنەکە رەنگدانەوەی بۆچوونی خەڵک بێت، گوتی، ئەگەر 17٪ بۆ 18%ـی دەنگدەران لە پرۆسەکە بەشداربن و زیاتر 80% بەشدار نەبن، ئەو کاتە "لەبەردەم کێشەیەکى گەورەداین"، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەو دۆخە ئەوەیە؛ دەوڵەت بەرەو دەوڵەتى هاووڵاتیبوون بڕوات.
 
کاریگەرییەکانی سەر هەڵبژاردن 
 
هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق لە هەڵبژاردنى 2021 جیاوازە. گۆڕانى دۆخى ناوچەکە، لەوانەش رووخانى دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا و گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هاوکێشەى مامەڵەى بەغدا بۆ قۆناخى داهاتوو دەگۆڕێت.
 
ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان لەو پانێڵەدا رایگەیاند، بەرەو قۆناخێک هەنگاو دەنرێت، کە ئەگەر هەیە کاریگەریى دەرەکى و هەرێمى، هەروەها گۆڕانکارییەکان لە چەند مانگى داهاتوودا لەسەر ئەو هەڵبژاردنە دەربکەون.
 
ئاسۆ فەرەیدوون گوتى، "نازانم پەیوەندى یان سرووشتى بەریەککەوتنى عێراق و ئەمریکا چۆن دەبێت." 
 
ئاسۆ فەرەیدوون گوتى "بەشداریکردنى کورد لەو هەڵبژاردنە، بۆ پتەوکردنى ئەو هاوبەشیەیە کە لە بەغدا هەیە."  
 
سیستمى هەڵبژاردن ئەگەرى ناڕەزایی هەیە 
 
پێچەوانەى هەڵبژاردنى ساڵی 2021، هەڵبژاردنى ئەم ساڵى پەرلەمانى عێراق بە سیستمى سانتلیگۆ براوەکان دیاری دەکات، کە دەرفەتى کەمتری تێدایە بۆ ئەو پارتانەى دەنگیان کەمە بۆ چوونە نێو پەرلەمانەوە. 
 
رافع عەبدولجەبار عەزاوی، ئەندامى پێشووى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى رەوتى سەدر لە بەشداریکردنى لەو پانێڵەدا ئاماژەى بەوەدا کە بێزارییەک بەرامبەر سیستمى سیاسیی ئێستا هەیە، هەرچەندە سیستمەکە نوێیە. 
 
رافع عەزاوی گوتى "گەڕانەوە بۆ سانتلیگۆ ئاماژەیەکى باش نییە کە رێگە لە سەربەخۆکان دەگرێت خۆیان بەربژێر بکەن و هاندەر نابێت بۆ لیستە مەدەنى و بچووکەکان. بۆیە ئەگەر هەیە بگەڕێینەوە ئەزموونى 2019 کە بەهۆیەوە حکومەت رووخا و پەرلەمان هەڵوەشایەوە." 
 
ساڵى 2019 بەهۆى خۆپیشاندانی تشرینییەکان، حکومەتى ئەو کاتە کە عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانی بوو، دەستى لەکارکێشایەوە و پەرلەمان خۆى هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختە بکرێت، کە تێیدا رەوتى سەدر بە بەدەستهێنانى زیاتر لە 70 کورسی براوەى یەکەم بوو.
 
دەرفەت بۆ سوننەکان 
 
گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە درەفەتێکە بۆ سوننەکان لە عێراق بۆ ئەوەی باشتر خۆیان رێکبخەنەوە. 
 
مستەفا کوبەیسی، ئەمیندارى گشتیی پارتى قەڵاى نیشتمانى کە یەکێکە لە لایەنە سوننەکان، لەو پانێڵەدا ئاماژەى بەوە دا، دۆخى سوننە جیاوازە لە کورد و شیعە کە هەردوو لایەن پێش ساڵی 2003 خۆیان ئامادە کردبوو، بەڵام سوننە پڕۆژەیەکى نەبوو کە ئەوەش وای لە پارێزگا سوننەکان کرد دوودڵ بن لە بڕیاردان و بەشداریکردن.
 
مستەفا کوبەیسی رایگەیاند، ناکۆکیی تووند لەنێوان لایەنە سوننەکان هەیە، ئەوەش پەیامێکى داوە بە دەنگدەرانى سوننە کە بەشدارى هەڵبژاردن نەکەن و گوتی، ئەوەى لە ئەنبار و نەینەوا روودەدات، کاریگەریی لەسەر هەموو عێراق دەبێت.
 
لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021ـی پەرلەمانى عێراق، رێژەى بەشداریی دەنگدەران 44% بوو؛ بەشێک لە بایکۆتکاران لەو پارێزگایانە بوون، کە زۆرینە سوننەن.
 
ئەمیندارى گشتیی پارتى قەڵاى نیشتمانى ئاماژەى بەوەدا؛ هەندێک لە هۆکارەکانى کەمیى بەشداریی سوننە لە عێراق، پەیوەندى بەوەوە هەیە هاوبەشەکان جیدى نین لە کارکردن بە سیستمى هاوبەشی.
 
مستەفا کوبەیسی گوتى "گەشبینم کە بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو، نەوەیەکى گەنجى دیکەى سوننە دەردەکەون، کە بە شێوازێکى دیکە بیردەکەنەوە."