سکاڵا لە دژى هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار تۆمار دەکرێت


 رووداو دیجیتاڵ

سکاڵایەک لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق تۆمار دەکرێت لە دژی ئەنجامنەدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. سکاڵاکار داوای دەرکردنی فەرمانسالارى کردووە،  بۆ ئەوەی پەرلەمان هیچ دانیشتنێکی دیکە نەکات، تاوەکو ئەو هەڵبژاردنە یەکلا دەبێتەوە.
 
سکاڵاکە لەلایەن ئازاد دۆسکی، پارێزەر و یاساناس، پێشکێشی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کراوە.
 
سکاڵاکار بە رووداوی رایگەیاند، لە سکاڵاکەدا داوای کردووە کۆنەبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بە شکاندنی سوێندی پەرلەمانتاران هەژمار بکرێت.
 
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 30 رۆژدا لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێ، بەوپێیەی یەکەم دانیشتن 28ی کانوونی یەکەمی 2025 کراوە، ئەو ماوە دەستوورییە تێپەڕ بووە.
 
ئازاد دۆسکی رایگەیاند: "لە سکاڵاکەدا داوام کردووە دادگە فەرمانسالارییەک دەربکات بۆ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان ناچار بکرێت کە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هیچ پرسێکی دیکە نەکات، تاوەکو سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت".
 
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
 
لەو سکاڵایەدا پشت بە 10 یاسا و بڕیار و شرۆڤەی دادگەی باڵای فیدراڵی بەستراوە، کە پەیوەندیدارن بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە.