لە دیوانیە کەسێک لە نێو نەخۆشخانەدا براکەی خۆی دەخنکێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە شاری دیوانیە دەچێتە نەخۆشخانە و لەوێ برایەکی خۆی بە وایەری کارەبا دەخنکێنێت، کە لە نەخۆشخانەکەدا خەوێنرابوو.
رۆژی پێنجشەممە 26-2-2026 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دیوانییە لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئەو رووداوەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کوژراوەکە بەهۆی سووتانی جەستەیەوە لە نەخۆشخانەی دیوانییە خەوێنرابوو، بکوژەکەش بە پاساوی هەواڵپرسین سەردانی براکەی کردووە.
بکوژەکە لەو ژوورەی براکەی لێ خەوێنرابوو، بە وایەرى کارەبا براکەی خۆی خنکاندووە.
سەرەتا وا زانراوە نەخۆشەکە بەهۆی سەختیی برینی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام دواتر لە رێگەی کامێراکانی چاودێریی نەخۆشخانەکەوە، تاوانەکە ئاشکرا بووە.
پۆلیسی دیوانییە رایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی کێشەیەکی پێشووی نێوانیانەوە براکەی کوشتووە.