وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: چین و عومان داوای بەشداریکردن لە رێگەی گەشەپێدان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند 88%ـی نەخشەی هێڵی ئاسنینی رێگەی گەشەپێدان تەواو بووە. راشیگەیاند، عومان و چین داوایان کردووە بەشدار بن لەو پڕۆژەیە، کە بڕیارە 2050 تەواو بێت.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەنگاوی باشیان ناوە لەبارەی نەخشەی کۆتایی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کە گەیشتووەتە 78%ـی هێڵی وشکانی و 88%ـی هێڵی ئاسنینی ئەو رێگەیە.
 
مەیسەم سافی گوتی، "ساڵی 2031 دیاریکراوە بۆ تەواوکردنی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە، لە 2038 قۆناخی دووەم تەواو دەبێت و لە 2050 قۆناخی کۆتایی پڕۆژەکە دەبێت کە تێیدا ئەوپەڕی توانای خۆی دەبێت بۆ گواستنەوە."
 
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەری فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنووری باکووری کوردستان و تورکیا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی لێکتێگەیشتن لەنێوان عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیمارات هەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، عومان داوای کردووە بچێتە ناو پڕۆژەکە و چین داوای پێشکێش کردووە، کە ببێتە بەشێک لە پڕۆژەکە و دانوستاندن لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە دەکات بۆ بەشداریکردن لەو پڕۆژەیە یان جێبەجێکردنی.
 
مەیسەم سافی گوتی: "ڤیتۆ لەسەر هیچ وڵاتێک نییە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکەدا."
 
هێڵەکە بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت و تێچووی 17 ملیار دۆلارە، دوو هێڵی ئاسن و وشکانییە بۆ گواستنەوەی کاڵا و گەشتیار.