نووری مالیکی بۆ تۆم باراک: پێویستە رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا پێشوازی لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کرد. نووسینگەی مالیکی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی کراوەتەوە.
 
رۆژی هەینی، 27-02-2026، نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندووە، مالیکی پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کردووە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە "دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و شایستە نیشتمانییەکانی قۆناخی داهاتوو."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، نووری مالیکی جەختی لە "گرنگیی پشتگیریکردنی رێڕۆی دیموکراسی و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵات و پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و بژاردەکانی گەلی عێراق" کردووەتەوە.
 
نووسینگەی مالیکی دەڵێت، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکان لەو پرسانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولان.
 
نووسینگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تۆم باراک، ئاماژەی بە "پێگەی گرنگی عێراق" لە ناوچەکەدا کردووە و رایگەیاندووە کە عێراق "رۆڵێکی کاریگەر" دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، کەمکردنەوەی گرژییەکان، پشتگیریکردنی دیالۆگ و بەردەوامبوون لە شەڕی دژی تیرۆر.
 
24ی کانوونی دووەمی 2026 چوارچێوەی هاوئاهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاری دا نووری مالیکی وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات.
 
سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."