وەزارەتی کارەبای عێراق: تاوەکو 1ی ئایار بەرهەممان دەگاتە 27 هەزار مێگاوات
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ وەرزی هاوین خەریکە تەواو دەبن و گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، تاوەکو 1ی ئایار بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە 27 هەزار مێگاوات.
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی چوارشەممە 27ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامادەکارییەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبا لە وەرزی هاوین خەریکە تەواو دەبن، هەر لە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە هەبوونی وێستگەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا، وەکو وێستگەی دوبز، وێستگەی عوکاز و وێستگەی موسەیب، هەروەها نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا و هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، پلانەکەیان تاوەکو 1ی ئایار تەواو دەبێت و ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا بەرهەمی کارەبایان رۆژانە 19 بۆ 20 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام لەگەڵ تەوابوونی پلانەکە بڕەکە دەبێتە 27 هەزار مێگاوات.
گوتەبێژی ئەو وەزارەتە ئەوەیشی بە رووداو گوت، پلانیان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، 5000 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیاد بکەن.
بە گوتەی ئەحمەد عەبادی، کەشی ئێستا بە جۆرێکە کە هاووڵاتی زۆر کارەبا بەکارناهێنێت، هەربۆیە نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە وێستگەکانی کارەبایان خستووەتە ئێستا.