فایەق زێدان: راگەیاندنی جەنگ تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە و کاری گرووپە چەکدارەکان نادەستوورییە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایدەگەیێنێت، "راگەیاندنی باری جەنگ یەکێکە لە مەترسیدارترین بڕیارە سەروەرییەکان کە تەنیا دەوڵەت بەگوێرەی دەستوور و یاسا دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەیە، چونکە لێکەوتەی سیاسی، سەربازی و یاسایی گەورەی لێ دەکەوێتەوە."
 
فایەق زێدان، لە گوتارێکیدا کە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی، لە هەژماری فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە دەستووری عێراق پرسی راگەیاندنی جەنگی بە وردی رێکخستووە تاوەکو رێگری لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بگرێت و هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی دەوڵەت و پارێزگاریکردن لە سیستەمی دیموکراتی دروست بکات.
 
سەبارەت بە رێکارە دەستوورییەکان بۆ راگەیاندنی جەنگ، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت، "ناکرێت ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی تاکلایەنە یان هەڕەمەکی بدرێت، بەڵکو بەپێی مادەی 61ی دەستوور، راگەیاندنی باری جەنگ یان باری نائاسایی لەسەر بنەمای داوایەکی هاوبەشی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەبێت و پاشان پێشنیازەکە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پەسندکردن."
 
فایەق زێدان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەستوور مەرجی رەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی داناوە، کە ئەمەش بە گوتەی ئەو "رەنگدانەوەی مەترسیی ئەم بڕیارەیە و ئامانج لێی دەستەبەرکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانیی فراوانە پێش چوونە ناو هەر ململانێیەکی چەکدارییەوە."
 
فایەق زێدان هۆشداری دەدات لە رەفتاری هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان و رایدەگەیێنێت، "هەوڵی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بڕیاردانی تاکلایەنە لە پرسی جەنگ و ئاشتی دا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیریی کۆمەڵگە و دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی یاسایی و ئەمنی."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەخت دەکاتەوە کە ئەنجامدانی چالاکیی جەنگی لەلایەن ئەم گرووپانەوە "پێشێلکردنی راشکاوی دەستوورە، چونکە ئەم مافە تەنیا بۆ دەسەڵاتە دەستوورییە شەرعییەکانە کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەل دەکەن و کاتێک گرووپەکان ئەم بڕیارە دەدەن، هەیبەتی دەوڵەت لاواز دەکەن و بنەمای سەروەریی یاسا پێشێل دەکەن."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری روونی دەکاتەوە کە ئەم بڕیاردانە تاکلایەنە دەبێتە هۆی "هەمەلایەن کردنی چەقەکانی بڕیاردانی سەربازی، کە دۆخی پشێوی و ناسەقامگیری دروست دەکات و رەنگە وڵات پەلکێشی نێو ململانێی ناوخۆیی یان هەرێمی بکات بەبێ هەبوونی کۆدەنگیی نیشتمانی."
 
فایەق زێدان هۆشداریش دەدات کە "بڕیارە نافەرمییەکان بۆ جەنگ، رەنگە دەوڵەت رووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی یان سزای جۆراوجۆر بکاتەوە بەهۆی رەفتارگەلێک کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یاسادا نین، ئەمەش متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت لاواز دەکات."
 
لە کۆتایی نووسینەکەیدا، فایەق زێدان تیشک دەخاتە سەر لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و دەڵێت، "ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان لە ناو بارودۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێدا بژین و کەرتی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش پەک بخات." جەختیش دەکاتەوە کە "بڕیاری تاکلایەنەی هەندێک گرووپی چەکدار لە راگەیاندنی باری جەنگدا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دەوڵەت، بۆیە پێویستە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و رۆڵی دامەزراوە دەستوورییەکان بەهێز بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز کە لەسەر بنەمای یاسا و شەرعییەت بێت."
 
لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، لەو کاتەوە گرووپی مقاوەمە بۆ پاڵپشتیی ئێران هێرش دەکاتە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان و شوێنە نیشتەجێبووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
لە 27 رۆژى جەنگ دا ئەو گرووپە بەرپرسیارێتیى 595 هێرشی لە ئەستۆ گرتووە کە گوایە ئەوان ئەنجامیان داوە.
 
رۆژی چوارشەممەش، هەریەک لە وڵاتانی (کوێت، ئیمارات، بەحرێن، سعودیە، قەتەر و ئوردن) راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران و "بریکارەکانیان" لە ناوچەکەدا کرد. 
 
لە راگەیێندراوی ئەو شەش وڵاتەدا هاتووە، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە عێراقەوە هێرش دەکەن، ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن و داوایان لە حکومەتی عێراق کرد کە رێگری لەو هێرشانە بکات.