سەرۆککۆماری عێراق بۆ پزیشکیان: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی سنوور دەپارێزێت

 
رووداو دیجیتاڵ

د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود پزیشکیان قسەی کرد و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لەو پەیوەندییەدا د. لەتیف رەشید پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی ئاراستەی سەرکردایەتی و گەلی ئێران کرد بەهۆی "شەهیدبوونی" ژمارەیەک لە سەرکردەکان، کە لە سەروویانەوە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی کە بەهۆی "کارە شەڕانگێزییەکانەوە" گیانیان لەدەستداوە، بەتایبەتی دوای بەئامانجگرتنی قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچان.
 
سەرۆککۆماری عێراق جەختی لە هەڵوێستی فەرمیی عێراق کردەوە لە رەتکردنەوەی جەنگ و نیگەرانیی قووڵی خۆی لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان دەربڕی. داواشی کرد دەستبەجێ کارە سەربازییەکان رابگیرێن و پەنا بۆ گفتوگۆ ببرێت وەک رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامیی جەنگ خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ناکات و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەتیف رەشید رایگەیاند، عێراق بە گەل و حکومەتەوە داوای ئاشتی دەکەن و هاوسۆزی خۆیان بۆ گەلی ئێران دەردەبڕن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکگرتووە و بە تووندی کار دەکات بۆ پاراستنی سنوورەکان و رێگری لە هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق بە مەبەستی پەرەپێدانی گرژییەکان یان هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، لە نێویشیاندا کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
سەرۆککۆمار "سەرکۆنەی" ئەو هێرشانەیشی کرد دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەم جۆرە کارانە نابنە هۆی بەدیهێنانی سەقامگیریی ناوچەیی، بەڵکو ئاستی گرژییەکان زیاتر دەکەن." هەروەها دووپاتی کردەوە عێراق بە هەموو شێوەیەک دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر خاکەکەی رەتدەکاتەوە و ئەوە بە پێشێلکردنی سەروەریی و سەرچاوەی نیگەرانیی جدی دەزانێت.
 
لای خۆیەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، "سوپاس و پێزانین"ی خۆی بۆ سەرۆککۆماری عێراق دەربڕی بۆ ئەو هەست و سۆزە، و جەختی لە قووڵیی پەیوەندییە مێژوویی و تووندوتۆڵەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا داوای دامەزراندنی "سیستمێکی یەکێتیی ناوچەیی" کرد کە وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە، بەجۆرێک یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان و چەسپاندنی هاوبەشی راستەقینە لە پێناو گەیشتن بە گەشەپێدان و سەقامگیریی ناوچەیی.