پەروەردەی عێراق پشووی رۆژانی شەممە بۆ هەندێک لە قوتابخانەکان هەڵدەوەشێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی پشووە زۆرەکان، بڕیاری دا رۆژانی شەممە بکرێتە دەوامی فەرمی بۆ ئەو قوتابخانانەی تائێستا پڕۆگرامی خوێندنیان بە تەواوی کۆتایی پێ نەهێناوە.
 
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پەروەردە بەوەکالەت، بڕیاردراوە رۆژانی شەممە وەک دەوامی فەرمی رەچاو بکرێت. ئامانجی بڕیارەکەش "تەواوکردنی وانەکانە بە باشترین شێوە و لە کاتی دیاریکراودا."
 
سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک، رۆژی هەینی 27ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەرێگەی گرووپی فەرمی وەزارەتەوە گشتاندنێکمان بۆ هاتووە و داواکراوە راپۆرتی زانیاری لەسەر قوتابخانەکان بدەین؛ کە ئاخۆ چەند قوتابخانە پێویستییان بەوەیە رۆژانی شەممە دەوام بکەن بۆ تەواوکردنی پڕۆگرام و کامانە پێویستییان نییە."
 
جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت تاوەکو سبەی شەممە راپۆرتی سەرجەم پەروەردەکان بگاتەوە وەزارەت تاوەکو بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت، گوتیشی: "ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ئەو قوتابخانانەیە کە بەهۆی زۆری پشووەکانەوە وانەکانیان لەدەستچووە و پڕۆگرامەکەیان تەواو نەکردووە."
 
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی زۆری پشووە فەرمییەکان و بارودۆخی نائاسایی، قوتابخانەکان کاتێکی زۆریان لەدەستداوە. رۆژژمێری پشووەکانی عێراق چەندین یادی نیشتمانی و ئایینی لەخۆدەگرێت، لەوانە:
 
مانگی یەک: سەری ساڵی زاینی و رۆژی سوپا.
 
مانگی سێ: یادی ئەنفال و هەڵەبجە، جەژنی نەورۆز، جەژنی رەمەزان و شەعبانییە.
 
مانگی پێنج و شەش: رۆژی کرێکاران، جەژنی قوربان، جەژنی غەدیر، سەری ساڵی کۆچی و عاشوورا.
 
مانگەکانی دیکەی ساڵ: یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)، رۆژی نیشتمانی عێراق، رۆژی سەرکەوتن بەسەر داعش و یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح.
 
وەزارەتی پەروەردە جەختی کردووەتەوە کە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان، چاودێری وردی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەن، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی ئاستی زانستیی قوتابییان دانەبەزێت و هەموو بابەتەکان پێش دەستپێکی تاقیکردنەوەکان تەواو بکرێن.