وەزارەتی کارەبای عێراق: بەستنەوەی کارەبای کەنداو گەیشتووەتە 94%
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، سەرەڕای ئاڵێنگارییەکان، کارکردن لە پڕۆژە ستراتیژییەکان بۆ بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و بەستنەوەی بە وڵاتانی دراوسێ بەردەوامە و بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە نەوەستاون.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی هەینی 27ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە بریتین لە دروستکردنی وێستگەکانی خولی تێکەڵ و پلاتفۆرمی گازی شل لە خۆر زوبێر، بەپێی ئەو پلانانەی بۆیان دانراوە بەردەوامن."
سەبارەت بە بەستنەوەی کارەبای عێراق بە وڵاتانی دراوسێ، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی، پڕۆژەکانی بەستنەوە بە وڵاتانی کەنداو، تورکیا و قۆناخی دووەمی بەستنەوە بە ئوردن بەردەوامن و "بەهۆی لێکەوتەکانی دوایی یان بارودۆخی ئێستاوە نەوەستاون."
ئەحمەد مووسا ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و رێژەی جێبەجێکردنی 94%ی تێپەڕاندووە. بڕیاریشە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بە فەرمی بکەوێتە کار.
لە ڕێگەی هەردوو وێستگەی وەفرە لە کوێت و فاو لە عێراق، لە قۆناخی یەکەمدا 500 بۆ 600 مێگاوات کارەبا لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ تۆڕی نیشتمانیی عێراق دابین دەکرێت. ئەحمەد مووسا روونیکردەوە کە ئەمە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە و وەک بازاڕێکی وزە وایە لە دەرەوەی تۆڕی نیشتمانیی وڵاتانی کەنداو.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد کە هەر لە مانگی نیسانی داهاتوودا، قۆناخی دووەمی راکێشانی کارەبا لە ئوردنەوە دەستپێدەکات، کە بڕی 150 مێگاواتی دیکە بۆ تۆڕی کارەبای عێراق زیاد دەکات.
عێراق بەدەست کورتهێنانی زۆری وزەی کارەباوە دەناڵێنێت؛ بەرهەمهێنانی ئێستای عێراق نزیکەی 17 هەزار مێگاواتە، لە کاتێکدا لە وەرزی گەرمادا پێویستیی وڵاتەکە دەگاتە زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات.