خەرجى و داهاتى عێراق بۆ کانوونى دووەم: 340 ملیار دینار کورتهێنان هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
خەرجیی عێراق لە مانگى یەکەمى ئەمساڵ گەیشتووەتە 8.8 ملیار دینار و کورتهێنان بەراورد بە قەبارەى داهات نزیکەى 340 ملیار دنیار بووە. پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجییەکان زیاتر لە یەک تریلیۆن دیناربووە، بەراورد بە هەمان مانگى پار، خەرجى کەمى کردووە و داهات زیادى کردووە.
ئەو ئامارانە بەگوێرەى راپۆرتى وەزارەتى دارایی عێراقە بۆ خەرجى و داهات لە مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵ.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، لەو مانگەدا خەرجیی عێراق 8 تریلیۆن و 876 ملیار و 649 ملیۆن و 129 هەزار دینار بووە، لەو بڕە پارەیە 8 تریلیۆن و 345 ملیار و 781 ملیۆن دیناری بۆ خەرجیی رەوان بووە کە مووچە بەشێکە لێی و 94.3%ـی تەواوی خەرجییەکان بووە.
7.1 تریلیۆن دیناری ئەو خەرجییانەی مانگی کانوونی دووەم وەک پارەی مووچە هەژمار کراوە.
خەرجیی وەبەرهێنانی عێراق لەو مانگەدا 530 ملیار و 912 ملیۆن و 229 هەزار دینار بووە کە 5.9%ـی تەواوی خەرجییەکان بووە.
لە نێو ئەو خەرجییانەدا، یەک تریلیۆن و 28 ملیار و 285 ملیۆن و 545 هەزار دینار وەک خەرجیی هەرێمی کوردستان هەژمار کراوە، هەروەها بڕى 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی رادەستکراوى حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مانگە هەژمارکراوە.
بەراورد بە هەمان مانگى ساڵى 2025، بڕى خەرجییەکانى عێراق 198.8 ملیار دینار کەمى کردووە و زۆرترین کەمکردنى لە خەرجى وەبەرهێنان بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، داهاتی عێراق لەو مانگەدا 8 تریلیۆن و 537 ملیار و 96 ملیۆن دینار بووە، بەوپێیە کورتهێنانى بودجە لەنێوان خەرجى و داهات 339.5 ملیار دینار بووە.
لەو بڕە داهاتە 7 تریلیۆن و 75 ملیار و 94 ملیۆن دیناری داهاتی نەوتیى بووە کە 82.3%ـی تەواوی داهاتەکانی پێکهێناوە.
بەراورد بە هەمان مانگى ساڵى 2025، تێکڕاى بڕى داهات 496.7 ملیار دینار زیادی کردووە، لەکاتێکدا داهاتى نەوتى 272.6 ملیار دینار کەمی کردووە.