"عەلی زەیدی بەربژێری پاکتاوکردنە"؛ وردەکاریی رێککەوتنێکی مالیکی و سوودانی

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دامەزراوەی نارامسین بۆ دیالۆگ رایدەگەیێنێت، عەلی زەیدی وەک "بەربژێری پاکتاوکردن" بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دیاریکراوە و ئەوەش بەرهەمی رێککەوتنی نێوان نوری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی بووە.
 
حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نارامسین بۆ دیالۆگ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ـی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە گۆڕانکارییەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرد و رایگەیاند: "عەلی زەیدی ناوێکی ناسراوی نێو میدیا نییە، بەڵام لە کۆبوونەوەی دوێنێی ماڵی فالح فەیاز، نووری مالیکی هەموو بەربژێرەکانی دیکەی رەتکردووەتەوە و تەنیا لەسەر عەلی زەیدی رێککەوتوون."
 
بە گوتەی بەرزنجی، عەلی زەیدی "بەربژێری پاکتاوکردنە" (المرشح التسویة)، واتە دیاریکردنی ئەو ناوە نابێتە هۆی ئەوەی خاڵ و پۆست لە هیچ لایەنێکی سیاسی کەم ببێتەوە، بۆیە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەری کۆکن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گومانی خۆی نیشان دا لەوەی ئایا زەیدی دەتوانێت لە ئەرکی پێکهێنانی کابینەکەیدا سەرکەوتوو بێت یان نا.
 
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن عەلی زەیدی بەربژێری فایەق زێدانە، حەیدەر بەرزنجی گوتی: "فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەردەوام دەڵێت من پەیوەندیم بە پرسی سەرۆکوەزیرانەوە نییە؛ بەپێی دەستوور و یاساش ناتوانێت بەربژێری هەبێت."
 
سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی دیکەی کابینەی داهاتوو، بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد کە هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەهۆی ئەوەی خاوەنی 40 خاڵە، زۆرینەی پۆستە وزارییەکان لە حکومەتی داهاتوودا بۆ خۆی دەبات.
 
شەوی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026،  چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کراوە، دواتر لەلایەن نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرا.
 
بە گوێرەی دەستوور عەلی زەیدی، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی رادەستی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت.
 
عەلی زەیدی کێیە؟
 
- عەلی فالح کازم زەیدی.
- رەگەزنامە: عێراقی.
- ساڵی لەدایکبوون: 1986
- بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە یاسا - بەکالۆریۆس لە دارایی و بانک - ماستەر لە دارایی و بانک.
- سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی باشوور (مصرف الجنوب).
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگ (ئێستا).
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی زانکۆی شەعب.
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی پەیمانگای پزیشکیی عەشتار.
- ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراق.