هاوپەیمانیی سەروەری بۆ عەلی زەیدی: پێویستە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت

رووداو دیجیتاڵ
 
هاوپەیمانیی سەروەری سوننەکان پشتیوانیی خۆی بۆ عەلی زەیدی رادەگەیێنێت و داوای "هاوبەشیی راستەقینە" دەکات. هاوپەیمانییەکە دەڵێت، بەربژێرکردنی زەیدی هەنگاوێکی گرنگە بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان.
 
هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتی خەمیس  خەنجەر لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە رێککەوتنی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد بۆ دەستنیشانکردنی عەلی زەیدی وەک بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق و راسپاردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەدا بە فەرمی بەربژێرکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند و دواتر لەلایەن سەرۆککۆمارەوە راسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق . سەرۆکوەزیران دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هەنگاوە پێشکەوتنێکی گرنگە لە رێڕەوی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتی نوێ."
 
هاوپەیمانیی سەروەری ئاماژەی بەوە کردووە کە قۆناخی ئێستای عێراق پێویستی بە" چەسپاندنی هاوبەشیی نیشتمانیی راستەقینە" و پابەندبوونە بە رێککەوتنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی سەقامگیری بێتە ئاراوە و حکومەت بتوانێت وەڵامی داواکارییەکانی چاکسازی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بداتەوە.
 
هاوپەیمانییەکە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بۆ سەرکەوتنی قۆناخی داهاتوو خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە: "پێویستە سەروەریی یاسا بچەسپێت و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، بۆ ئەوەی شکۆی دامەزراوەکان و ئاسایشی هاونیشتمانییان پارێزراو بێت."
 
لە کۆتایی دا هاوپەیمانیی سەروەری داوای لە هێزە سیاسییەکان کردووە بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە پشتگیری لە حکومەتی داهاتوو بکەن بۆڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق.