شیعەکان بڕیاریاندا بەبێ رێککەوتن کۆنەبنەوە؛ ئەمریکا "بەربژێری ژێر چەتری گروپەکان"ـی ناوێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانى چوارچێوەی هاوئاهەنگی نایەوێت بەبێ کۆدەنگی بەربژێرەکەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بباتە پەرلەمان و، بڕیاردراوە بەبێ رێککەوتن کۆبوونەوە نەکات. ئەمریکا و ئێران بە جیا پەیامی جیاوازیان بۆ شیعەکان ناردووە لەبارەی ئەو بەربژێرەی دیاری دەکرێت.
بۆ دووەمجار لە دوای یەک، شەوى 26ى نیسان ماڵى هومام حەموودى، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى بۆ کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاری کرا، بەڵام کۆبوونەوەکە بەهۆى ناکۆکیى پێکهێنەرانى ئەو هاوپەیمانێتییە نەکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەبرى ئەوە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی کراوە بۆ ئەوەی کێشەی نێوان 12 سەرکردەی ئەو هاوپەیمانییە لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران لە دەرەوەی هۆڵی کۆبوونەوەکەیان یەکلا بکەنەوە.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکان دوو کەسی و سێ کەسین و هەموو سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە جیا بەشدار دەبن، گفتوگۆی تەلەفۆنیش لە نێوانیان هەیە، فالح فەیاز وەک نێوەندگیر لە ماڵی خۆی نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی کۆکردووەتەوە."
دەوڵەتی یاسا، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، باسم بەدری بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە؛ هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانیش کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکایەتیى دەکات، ئیحسان عەوادی بۆ هەمان پۆست بەربژێر کردووە، بەهۆی ناکۆکی لەبارەی شێوازی یەکلاکردنەوەی بە دەنگدان، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
بەرەکەی مالیکی دەیانەوێت دەنگەکان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی 12 ئەندامەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت، کە دەنگی 8 سەرکردەى پێویستە، بەڵام بەرەکەی سوودانی داوا دەکەن بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارەکانیان یەکلابکرێتەوە کە 110 دەنگی پێویستە.
عەلی دفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە رووداوی گوت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێت بەربژێرێک دیاری بکرێت کە کۆدەنگیی هەمووانی لەسەر بێت، نەک دوو لەسەر سێی دەنگەکان، چونکە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پێویستی بە فراکسیۆنێکی پەرلەمانیی بەهێزە کە پاڵپشتیی بکات، بەڵام ئەگەر ئەو کۆدەنگییە لە نێوان باسم بەدری و ئیحسان عەوادی تاوەکو پێنجشەممە نەهاتە دی، پەنا بۆ دوو لەسەر سێی دەنگەکان دەبرێت."
ناکۆکیی نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکەی پەکخستووە، کە بەو هۆیەوە ئەو 12 هاومەزهەبە لە 21ی مانگەوە نەیانتوانیوە لەسەر یەک مێز پێکەوە دابنیشن.
محەممەد خالیدی، ئەندامی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە رووداوی گوت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری داوە تاوەکو لەسەر بەربژێرێک رێکنەکەون، کۆبوونەوەى گشتى هاوپەیمانێتییەکە نەکەن."
لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە لە 11ی نیسان، بەگوێرەی دەستوور 15 رۆژ لەبەردەم ئەو هاوپەیمانییەدایە بۆ ئەوەی وەک گەورەترین فراکسیۆن بەربژێری خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەستی سەرۆککۆمار بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێرێک یەکلا نەبوونەتەوە.
کێشەکە تەنیا ناکۆکیی نێوان هێزە شیعەکان نییە لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران، پەیامەکانی دەرەوەی ئەو هاوپەیمانییە شیعەیەش کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی گفتوگۆکانیان و هاوکێشەی دابەشبوونیان بەسەر بەرە جیاوازەکاندا هەبووە.
رووداو لە دوو سەرچاوەی بەرپرسی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە زانیویەتی کە ئەمریکاییەکان بەو دواییە پەیامیان لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو ناردووە، بەبێ ئەوەی ناوی کەس بهێنن، بەڵکو سرووشتی کەسەکەیان روون کردووەتەوە کە لای ئەوان خوازراوە.
یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی: "پوختەی پەیامەکە ئەوە بووە کە سەرۆکوەزیرانێکیان ناوێت لەژێر عەبای گرووپە چەکدارەکان بێتەدەر."
پێشتر لە 27ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڤیتۆی لە دژی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بەکارهێنا، ئەوەش دوای سێ رۆژ لە پەسندکردنی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەتی داهاتوو.
بە گوتەی عەلی دفاعی، ئیدارەی ئەمریکا پەیامێکیان گەیاندووەتەوە بەوەی کە ئاسوودە نین بە دووبارە بەربژێرکردنەوەی محەممەد شیاع سوودانی، بەڵام لەبارەی دوو بەربژێرەکەی دیکە "هیچ تێبینییەک و دژایەتییەکیان نەبووە".
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش یاریزانێکی دیکەی دەرەکییە کە رۆڵی لە دیاریکردنی حکومەتی زۆرینەی شیعەی عێراق هەیە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند: پەیامی ئێران ئەوە بووە کە لە پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیراندا یەکڕیزیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بپارێزرێت، بەبێ ئەوەی پاڵپشتیی بەربژێرێکی دیاریکراو بکات.