عێراق: هەر هێرشێک لە خاکمانەوە بکرێتە سەر دراوسێکانمان تیرۆریستییە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هۆشداریی تووند دەداتە ئەو لایەنانەی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنن و رایدەگەیێنێت، هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ یان نێردە دیپلۆماسییەکان بە "کارێکی تیرۆریستی" هەژمار دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی سێیەم کۆبوونەوەی خولی ئەمساڵی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی کرد.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەر دەستدرێژییەک لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ، رووبەڕووی رێکاری تووندی سەربازی، ئەمنی و یاسایی دەبێتەوە و وەکو "کاری تیرۆریستی" مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە نێودەوڵەتییەکان. ئەنجوومەنەکە رایگەیاند، هەر دەستبردنێک بۆ ئاسایشی بارەگا دیپلۆماسییەکان بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە و حکومەت رێکاری تووندی کارگێڕی و یاسایی دژی بکەرانی دەگرێتەبەر.
لە بەشێکی دیکەی راسپاردەکاندا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت "چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەت بێت" و لێپێچینەوە لەو کەس و لایەنانە دەکرێت کە لە یاسا دەردەچن و رەوانەی دادگە دەکرێن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنی، بەدواداچوونی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆر، هاوردەکردنی سیستمی دژە فڕۆکە و دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێی هەرێمی کراوە.
ئەنجوومەنەکە داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد کە رێگە نەدەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر عێراق بەکاربهێنرێت و جەختی کردەوە کە "عێراق خۆی بەرپرسە لە ئاسایشی خۆی و هیچ لایەنێکی دەرەکی مافی دەستوەردانی لە کاروباری ئەمنیی وڵاتەکەدا نییە."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا هاوئاهەنگییە دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە زیاد بکرێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییە هاوبەشەکان.