سەرۆککۆماری عێراق، عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد
رووداو دیجیتاڵ
نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق، عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپارد، سەرۆکوەزیران دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.
راسپاردنەکە، شەوی دووشەممە 27-4-2026 بە ئامادەبوونی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە کۆشکی بەغدا بەڕێوەچوو.
ئەمە دوای ئەوەهات کە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەدا بە فەرمی بەربژێرکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند .
بەگوێرەی راگەیێندراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی "دوای تاوتوێکردنی ناوی بەربژێرەکان، عەلی زەیدی هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری فراکسیۆنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، وەک گەورەترین فراکسیۆنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو".
چوارچێوەکە نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆککۆماری عێراق کرد، تێیدا وەک "گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی"، عەلی فالح کازم زەیدی وەک بەربژێری فەرمی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستنیشان کرد.
لە نووسراوەکەدا کە واژۆی عەباس رازی عامری، سکرتێری گشتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەرە، داوا لە سەرۆککۆمار کرا کە رێکارە دەستوورییەکان بگرێتەبەر بۆ راسپاردنی زەیدی لە ماوەی دیاریکراودا، ئەمەش بەگوێرەی ماددەی 76ی دەستووری عێراق.
لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە لە 11ی نیسان، بەگوێرەی دەستوور 15 رۆژ لەبەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی دا بوو بۆ ئەوەی وەک گەورەترین فراکسیۆن بەربژێری خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەستی سەرۆککۆمار بکات و ئەمڕۆ و لە 16ـەمین رۆژدا بەربژێرەکە دیاری کرا.
بەگوێرەی دەستووری عێراق سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی تاوەکو لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.
عەلی زەیدی کێیە؟
- عەلی فالح کازم زەیدی.
-- ساڵی لەدایکبوون: 1986 لە پارێزگای زیقار.
- بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە یاسا - بەکالۆریۆس لە دارایی و بانک - ماستەر لە دارایی و بانک.
- سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی باشوور (مصرف الجنوب).
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگ (ئێستا).
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی زانکۆی شەعب.
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی پەیمانگای پزیشکیی عەشتار.
- ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراق.