داگەى فیدراڵى تاوتوێى دوو سکاڵا دژی بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق 18ى حوزەیرانى دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتن لەسەر دوو سکاڵا لە دژى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە کە شەش پەرلەمانتارى عێراق پێشکێشیان کردووە و داواش دەکەن فەرمانسالارییەک دەربکرێت بۆ راگرتنى رێوشوێنەکانى بە پارێزگاکردنەکە.
دیاریکردنى ئەو رۆژە بە گوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەی فیدراڵییە، تاوتوێکردنى هەردوو سکاڵاکە بەبێ دادبینییە، بەوپێیە ئەگەر هەیە دانیشتنەکە بڕیارى تێدا بدرێت.
سکاڵایەکیان لەلایەن پێنج ئەندامى پەرلەمان لە فراکسیۆنى ئیشراقەی کانوون تۆمارکراون لە دژى هەریەک لە سەرۆکى پەرلەمان و دوو جێگرەکەى.
لە سکاڵاکەدا داوایان لە دادگەى باڵاى فیدراڵى کردووە رێوشوێنەکانى سەرۆکایەتى پەرلەمان بە "نادروست و نادەستوورى" بناسێنێت بۆ دەنگدان بە یاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە و جێگیرکردنى چەند پلەتایبەتێک بە پاساوى ئەوەى رێژەى یاسایى پەرلەمانتاران لەکاتى دەنگدان تەواو نەبووە.
لە بەشێکى دیکەى سکاڵاکەدا داوا کراوە دادگەى فیدراڵى فەرمان سالارییەکى بەپەلە دەربکات بۆ راگرتنى رێوشوێنەکانى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە تاوەکو ئەو سکاڵایە یەکلا دەبێتەوە.
14ى نیسانى 2025، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسەند کرد و بووە 19ەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى راگەیاند: لەو کۆبوونەوەیەى پەرلەمان کە دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونى ھەڵەبجە درا، رێژەى یاسایى پەرلەمانتاران تەواوبوو بۆیە کۆبوونەوەکە کرا، ئەوەى دیکە دەکەوێتە سەر تێڕوانینى دادگەى فیدڕاڵى کە چۆن ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە و رێوشوێنەکانى چى دەبن.
سکاڵاکەى دیکە کە هەمان رۆژ تاوتوێ دەکرێت، لەلایەن ئەمیر مەعموورى، پەرلەمانتارى سەربەخۆ تۆمارکراوە لە دژى سەرۆککۆمار.
لە سکاڵاکە داوای کردووە دەرکردنى مەرسوومى کۆمارى تایبەت بە بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە بەنادروست بزانرێت و دادگە فەرمانسالارییەک دەربکات بۆ راگرتنى سەرجەم رێوشوێنەکانى بە پارێزگاکردنەکە، تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵاکە یەکلا دەبێتەوە.
29ى نیسانی2025، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق مەرسوومى کۆمارى بۆ بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە دەرکرد و 5ى ئایار یاساکە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و چووە بوارى جێبەجێکردن.
دارا سێکانیانى گوتى: "ئەو رێوشوێنانەى دەگیرێنەبەر بۆ بە پارێزگابوونى هەڵەبجە، پەیوەندارن بە وەزارەتى پلاندانان و چەند دامەزراوەیەکى دیکەوە".