عێراق قەدەخەی هاوردەکردنی جگەرە و نێرگەلەی ئەلیکترۆنی هەڵدەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا قەدەخەی هاوردەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی، نێرگەلەی ئەلیکترۆنی و تووتنی گەرمکراو هەڵبگرێت؛ بڕیاریشیدا یەک ملیۆن دۆلار بدرێتە رێکخراوی فاو؛ هەروەها گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای ALFRIN ی تورکی بکرێت بۆ هێڵی گواستنەوەی کارەبای (جەزیرە - موسڵ)ـی 400 کەی ڤی.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بیست و یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک لە بڕیارەکان بریتی بوو لە، "پەسندکردنی راسپاردەکانی لیژنەی فەرمانی دیوانی (7ـی ساڵی 2025) کە تایبەت بوون بەو سەرپێچییانەی لە دۆسیەی نۆژەنکردنەوەی هێڵی شەمەندەفەردا تۆمار کرابوون."
نووسینگەکە دەڵێت، "لەم چوارچێوەیەدا بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی هەریەک لە یەعقوب حوسێن سالم، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی گواستنەوە و عەباس ناسر مەجید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گرێبەست و مۆڵەتەکان لە وەزارەتی گواستنەوە، ئەوەش بەهۆی کەمتەرخەمییان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان؛ هەروەها رەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە دادگای تایبەتمەند".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی دیکە دران، لەوانەش:
- رەزامەندیدان لەسەر دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی هەڵمەتی "بەغدای جوانتر" لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تێبینییانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو و لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پەسەندکران.
- رەزامەندی درا لەسەر هەموارکردنەوەی بڕیاری (346ـی ساڵی 2025)، بەجۆرێک رێگە بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای ALFRINـی تورکی بدرێت بۆ ماوەی یەک ساڵ لە چوارچێوەی هێڵی (جەزیرە - موسڵ)ـی 400 کەی ڤی. وەزارەتی داراییش تەرخانکراوی پێویست دابین دەکات بۆ مسۆگەرکردنی وزەی کارەبا بۆ ناوچەی باکوور؛ هەروەها دوای یەکی تشرینی یەکەمی 2025 دانوستاندن بۆ نوێکردنەوە و بەردەوامیدان بە گرێبەستەکە دەکرێت.
- پەسندکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی کارەبا و گرووپی يو جی تی بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی یەکگرتووی وزەی خۆر.
- پەسندکردنی راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ وزە سەبارەت بە نرخی گرێبەستی بەستنەوە و تێچووی پەرەپێدانی پڕۆژەی وێستگەی ئەرتاوی بۆ وزەی خۆر (1000 مێگاوات) لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیی فەڕەنسی، وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگ.
- بۆ رێکخستنەوەی کاروباری دەروازە سنوورییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری (24187ی ساڵی 2024)ی هەموارکراو بە بڕیاری (24266ی ساڵی 2024)، سەبارەت بە بەدەرکردنی گرێبەستەکانی جێبەجێکردنی دەروازەی زرباتیە لە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکان، ئەوەش بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی وازهێنان لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە بۆ بەڵێندەری لاوەکی و بەردەوامیدان بە جێبەجێکردن.
- رەزامەندی درا لەسەر ئەوەی وەزارەتی تەندروستی قەدەخەی سەر هاوردەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی، نێرگەلەی ئەلیکترۆنی و توتنی گەرمکراو هەڵبگرێت، بەجۆرێک لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان (19ـی ساڵی 2012) و یاسا کارپێکراوەکانی دیکە ناکۆک نەبێت.
- هەموارکردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەن (245ـی ساڵی 2019) بۆ پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری لقەکانی فەرمانگەکانی موڵکی دەوڵەت لە پارێزگاکان بۆ یەکخستن و جیاکردنەوەی زەوییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و واژۆکردنی گرێبەستە وەبەرهێنانەکان بۆ پڕۆژەکانی سەر بە وەزارەت، دوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزیری دارایی.
- رەزامەندی لەسەر پێدانی بڕی یەک ملیۆن دۆلار بە رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) درا لە چوارچێوەی بەشدارییە دەرەکییەکانی بودجەی ساڵی 2025.
- ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی دایە سەرۆکی دەستەی وزەی ئەتۆمی عێراق بۆ دانوستاندن و واژۆکردنی پڕۆژەی رێککەوتننامەی هاوکاری نێوان عێراق و رووسیای فیدراڵ لە بواری بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە.