کچێکی تەمەن 14 ساڵ: کوڕێک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لێکردم و بە دوو ملیۆن دینار وازیهێنا

 
رووداو - بەغدا

قوربانییەکی گێچەڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تەمەنی 14 ساڵە و لەڕێگەی ھاوڕێیەکی کچی کەوتووەتە داوی کەسێکەوە، ناچار دوو ملیۆن دینار لە ماڵەوە بەبێ ئاگاداریی کەسوکاری دەبات و دەیدات تاوەکو وێنەی بڵاونەکرێتەوە، دەڵێت، ئەو کەسەی وێنەکانی لابووە، هەڕەشەی لێکردووە ئەگەر "لەگەڵی نەخەوێت" وێنەکان بڵاودەکاتەوە.
 
قوربانییەکی گێچەڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (تەمەنی 14 ساڵە)، دەڵێت "لەڕێگەی ھاوڕێیەکمەوە تووشبووم، ھاوڕێکەم گوتی من ھاوڕێم ھەیە، وەرە ماڵی ئێمە قسەی لەگەڵ دەکەین، چونکە ئەو و دایکی بە تەنیا دەژین و باوکی مردووە، دواتر تەلەفۆنی بۆ کوڕەکە کرد بە کامێرا و بە منی دا، خۆیشی دەرچوو، منیش زۆر قسەم لەگەڵ کرد، دواتر خوشکیشم ھات، دوای چەند رۆژێک بە ئاشکرا گوتی دەمەوێت لەگەڵت بخەوم، من رەتمکردەوە، پاشان وێنە سکرینەکانی بۆ ناردم و گوتی، ئەوەی پێتی دەڵێم نەیکەیت ئەوا وێنەی تۆ و خوشکەکەت لە فەیسبووک بڵاودەکەمەوە، داوای پارەی کرد، بەبێ ئاگاداریی کەسوکارم لە پارەی باوکم دوو ملیۆن دینارم برد و پێمدا، ئینجا وازی لێھێنام".
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە، تاوانی ئەلیکترۆنی بە رێژەی 8% زیادیکردووە.
 
تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت جێگەی جێژوانەکانی گرتووەتەوە، دیاردەیەک کە ئێستا باوە لە تەکنەلۆجیادا، گێچەڵکردنە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە لایەنی پەیوەندیدار ھۆکارەکەی بۆ زیادبوونی بێکاری، ھەژاری، ناسەقامگیری و نەبونی سانسۆر لەسەر تۆڕە کۆمەلایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە و قوربانیانیش لە کوڕان و کچان یان داوای پارەیان لێدەکرێت، یانیش ئەنجامدانی کاری سێکسی.
 
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەریدەخەن، لە پێنج  مانگی رابردووی ئەمساڵدا، تەنیا لە بەغدا 317 سکاڵای گێچەڵکردن لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تۆمارکراون لەگەڵ نۆ رووداوی خۆکوشتن، ھەروەھا هەشت کەس و دوو باندی سێ کەسی و چوار کەسیش بە ئەنجامدانی تاوانی ئەلیکترۆنی دەستگیرکراون.
 
لیوا خالید مەحننا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند "شاردنەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە تووشی گێچەڵی ئەلیکترۆنی دەبن و سکاڵا تۆمار ناکەن، زیاتر ئافرەتن و لەترسی ئابڕوچوونە، چونکە ئەم تاوانە زۆرجار دەبێتە ھۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی، وەکو خۆکوشتن یان زیادبوونی لێکجیابوونەوە و زۆر بابەتی دیکە، وەزارەتی ناوخۆ زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدات لەڕێگەی دیاریکردنی چەند بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بابەتە، لە ماوەی رابردوودا بەشێکی زۆرمان لەم کەسانە دەستگیرکردووە بە بەڵگەی ئاشکرا و لەڕێگەی داتای تەواوەوە بۆ سەرکۆنەکردنی تاوانباران و گواستنەوەیان بۆ دادگە کە ھەندێکیان سزای درێژخایەنیان بەسەردا درا، وەکو بەندکردن بۆ ماوەی 14 ساڵ".
 
بەپێی ماددەی 452 لە یاسای سزادانی تاوانی عێراقی ھەر کەسێک بە بەڵگەوە تاوانی ئەلیکترۆنیی بەسەردا ساخببێتەوە بە بەندکردن کە لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و لە 14 ساڵیش زیاتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردن لەنێوان 10 بۆ 15 ملیۆن دینار سزادەدرێت.