رووپێویی ئابووری لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتەى داهاتووەوە وەزارەتى پلاندانانى عێراق رووپێویی ئابوورى لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى عێراق دەستپێدەکات بۆ کۆکردنەوەى زانیارى لەبارەى رێژەى هەژارى، بێکارى، خەرجى و داهاتى خێزانەکان.
26ى حوزەیرانى 2023، عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە هەفتەى یەکەمى مانگى تەممووزەوە وەزارەتەکەى دەست دەکات بە رووپێویی ئابوورى لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کە ماوەى ساڵێک دەخایێنێت و زانیاری و ئامار لەبارەى رێژەى هەژارى، بێکارى، خەرجى و داهاتى خێزانەکان کۆدەکرێتەوە.
عەبدولزەهرە هینداوى گوتیشى، "بۆ ئەنجامدانى ئەو پرۆسەیە لە هەرێمى کوردستان، هاوئاهەنگى لەگەڵ دەستەى ئامارى هەرێمى کوردستان کراوە و لە رێگەى ئەنجامدانى گرێبەستێکەوە لەگەڵ توێژەران پڕۆسەکە دەکرێت" و سەردانى خێزانەکان دەکەن.
دوایین رووپێوى ئابووریى وەزارەتى پلاندانانی عێراق ساڵى 2018 کرا، ئەگەرچى دەبوو لە ساڵى 2020 رووپێوى دیکە بکرێت، بەڵام بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا دواخرا؛ لەساڵى 2022ش بەهۆى نەبوونى بودجەوە نەتونرا پارەى پێویستى بۆ تەرخان بکرێت.
بودجەى رووپێویەکەی ئەمساڵ لە یاساى بودجەى گشتى دابینکراوە کە رۆژی دووشەممە، 26ى حوزەیرانى 2023 کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق ئاماژەى بەوەشدا کە بەشێکى دیکەى ئەو رووپێویە تایبەتە بە ئاستى دابینکردنى خزمەتگوزاریی تەندروستى، ئاو و ئاوەڕۆ بۆ خێزانە عێراقییەکان.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، هەژارى لە ساڵى 2022 دا 25% و بێکارى 16.5% بووە.