نووسینگەى ئینتەرپۆڵ لە دەروازە سنوورییەکانى عێراق دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بڕیاریدا نووسینگەى پۆلیسی نێودەوڵەتى (ئینتەرپۆڵ) لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە.
دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لە کۆبوونەوەى شەشەمى ئەندامانى دەستەکە دەنگیان لەسەر کردنەوەى نووسینگەى پۆلیسی ئینتەرپوڵ لە دەروازە سنوورییەکانى عێراق دا.
دەروازە سنوورییە وشکانى و ئاوییەکان و فڕۆکەخانەکانى عێراق لە سنوورى دەسەڵاتى دەستەى دەروازە سنوورییەکاندایە کە بڕیارى کردنەوەى نووسینگەى ئینتەرپۆڵ دەیانگرێتەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق، ئەو نووسینگانەى ئینتەرپۆڵ لە دەروازەکان بە هاوئاهەنگى لەگەڵ نووسینگەکانى دەزگاى هەواڵگرى نیشتیمانى کاردەکەن بۆ چاودێریکردنى دۆسیەى داواکراوان.
رۆژی 27ى حوزەیرانى 2023 مەریوان کەریم، گوتەبێژى دەروازەى سنوورى باشماخ لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو بڕیارەیان بەفەرمى پێنەگەیشتووە، پێویستە بڕیارەکەیان لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى داراییەوە پێ بگات، بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن.
مەریوان کەریم گوتى: "ئێستا نووسینگەى پۆلیسی ئینتەرپۆڵ لە دەروازەکەیان نییە، مەرج نییە سەرجەم بڕیارەکانى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لە دەروازە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێن".
ئینتەرپۆڵ کورتکراوەی پۆلیسی نێودەوڵەتى یە کە تایبەتە بە بەدواداچوونى داواکراوان لەنێوان وڵاتانى جیهاندا کە 195 وڵات تێیدا ئەندامن و نووسینگەیان لەو وڵاتانەدا هەیە.