پەرلەمانی عێراق داوادەکات لە نەینەوا سنوورێک بۆ مادەی هۆشبەر دابنرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکات، سنوورێک بۆ بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای نەینەوا دابنرێت و دەڵێت، بوونی گرووپی چەکداریی ناڕێکخراو لە سنوورەکان و کۆنترۆڵ نەکردنی سنوورەکان، وایان کردووە مادەی هۆشبەر لە پارێزگاکە زیاتر بڵاوببێتەوە.
ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 27-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆربەی جۆرەکانی مادەی هۆشبەر دەهێندرێنە عێراق، کۆنترۆڵ نەکردن و دەستوەردانی هێزی نایاسایی لە شنگال و هێزی دیکەی سنوورەکان وایان کردووە سنوور کراوە بێت و مادەی هۆشبەر بهێندرێتە پارێزگاکان."
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات سەرجەم سنوورەکان دابخات و کۆنترۆڵیان بکات، رێگە نەدات هەموو جۆرەکانی مادەی هۆشبەر بهێندرێتە عێراق، بەتایبەتی لە سووریا و ئێرانەوە، ئێستا سووریا بووەتە سەرچاوەی حەبی کیپتاگۆن، لە کاتێکدا زۆربەی کریستاڵ لە ئێرانەوە دێت.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی تەندروستی، "نزیکەی 16 هەزار کەس لەسەر بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر سزادراون، ئەوانەشی لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ دەستگیر کراون، ژمارەیان زیاترە لە تەواوی ساڵی رابردوو."
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرى عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.