راستکردنەوەی یاسای بودجە بڵاوکرایەوە؛ 65 ملیار دیناری بۆ زیادکراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، بەیاننامەی راستکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکردووەتەوە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت لە یاساکەدا هەڵەی داڕشتن و ژمارەیی و ریزبەندی راستکراونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27-07-2023 حەنان مونزر نسەیف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەقائیعی عێراق لە وەزارەتیی دادگەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ژمارەکە دەرکردنی بەیاننامەی رادەستکردنەوەی تێدایە، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆمار دەرکراوە، سەبارەت بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی کۆماری عێراق ژمارە 13ی ساڵی 2023 بۆ ساڵانی دارایی ( 2023-2024-2025)".
لەوبارەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دەقی یاسای بودجەی گشتیدا هەڵەی داڕشتن، زمانەوانی و ژمارەیی، خشتەیی، ریزبەندی کراون، بۆیە ئەو هەڵانە چاککراونەتەوە و جارێکی دیکە یاسا لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە".
نزیکەی 25 راستکردنەوە و دەستکاری لە یاساکەدا کراون، رۆژی 17-07-2023 لە ژمارە 4729 رۆژنامەکە بڵاوکراوەتەوە.
یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـە قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بوو؛ لەو دەستکارییکردنەکە هەر ساڵێک بووەتە 198 تریلیۆن و 975 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار.