9 کەس خۆیان بۆ کۆتای کوردی فەیلی بەربژێر کردووە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لێکۆڵینەوەى لە دۆسیەی 8 لەو 9 بەربژێرە کردووە، کە خۆیان بۆ کورسیی کۆتای کوردی فەیلی بۆ پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردووە.
27ى تەممووزى 2025، عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی رابردوو لیژنەی تایبەتی وەزارەتەکەیان لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی چوار لەو بەربژێرانە کردووە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردوون، ئەمڕۆش چاوپێکەوتن لەگەڵ چوار بەربژێری دیکە کراوە و تەنیا یەک بەربژێر ماوە.
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای واست یەک کورسیی کۆتای پەرلەمانی عێراق بۆ کوردی فەیلی تەرخانکراوە.
عەلی جەهانگیر، کە سەرۆکی لیژنەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیشە، رایگەیاند: "لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو بەربژێرانە بۆ ئەوەیە کە بەڵگەنامەی پێویست پێشکێش بکەن و بیسەلمێنن کوردی فەیلین، دوای یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەیان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاگادار دەکەینەوە لە دروستیی ئەوەی کە کوردی فەیلین یان نا، ئەو 8 بەربژێرەى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیاندا کراوە پەسند کراون بۆ ئەوەى ببنە بەربژێر."
9 کورسیی پەرلەمانی عێراق وەک کۆتا بۆ پێکهاتەکانی کوردی فەیلی، ئێزدی، کریستیان، سابیئەی مەندائی و شەبەک دیاریکراون، کە براوەیان لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لەنێو بەربژێرانی پێکهاتەکەدا دەبێت.
رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025 وەک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە، کە تێیدا هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە.