کارمەندانی وێستگەکانی کەشناسیی عێراق مان دەگرن و بەڕێوەبەرەکەیان دەردەکەن

رووداو دیجیتاڵ

فەرمانبەرانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رێگرییان لە چوونە سەر کاری بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە کرد، دواتر بە بووتڵی ئاو و هاتوهاوار لە شوێنی کار دووریانخستەوە.

وەکو فەرمانبەرەکان باسی دەکەن، زیاتر لە 400 فەرمانبەر مانیان گرتووە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، داوا دەکەن بەڕێوەبەرە گشتییەکەیان بگۆڕدرێت. فەرمانبەرەکان لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە دەوامیان نەکردووە و بەنیاز نین دەوام بکەن تاوەکو ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

رۆژانە فەرمانبەران پەنجەمۆری دەوامیان دەکەن، بەڵام هیچ کارێکی دەستەکەیان راناپەڕێنن و بایکۆتی دەوامیان کردووە.

سابیر هادی، فەرمانبەر دەڵێت، "کێشەی ئێمە ئەوەیە، ئەو پیاوە هونەری نییە، بۆ فەرمانگەی زانستی و راوێژکاری گونجاو نییە. لە ماوەی ساڵ و نیوێک هەموو رێکارێکی تووندی دژی فەرمانبەران گرتووەتەبەر بە بیانوو و بێ بیانوو."

شەهد عەبدولڕەزاق عەلی، بەرپرسی بەشی ئامادەکاریی زانیاری دەڵێت، "پەنجەمۆری هاتن و چوونەوەمان کردووە بەپێی کاتی رێکخراو. ئەو (بەڕێوەبەری گشتی) دەڵێت، ئێمە پەنجەمۆرمان نەکردووە و دەواممان جێهێشتووە. هێزە ئەمنییەکان شاهێدن، تاوەکو کاژێر 04:00ی ئێوارە ماینەوە، فەرمانگەمان پاککردەوە و ئینجا دەرچووین."

 
فەرمانبەران ناڕازین لە هەڵسوکەوتی سەلمان بەهادلی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، داوای لەسەر کار لادانی دەکەن، لە دەستەی دەستپاکیی عێراق سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە."
 
حەیدەر حەبیب، فەرمانبەری مانگرتوو دەڵێت، "دژی بەڕێوەبەری بەشەکان بوو، بە بەڵگەی ئەوەی، تاوەکو دوای دەوام دەیهێشتینەوە تەنها لەبەر ئەوەی لە ژوورەوە نانی دەخوارد، ئێمەش لە دەرگا چاوەڕوان بووین."
 
د. ئەسما کەریم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کەشوهەوا و زانستی دەڵێت، "بەڕێز سەلمان سەدام بەهادلی، بەعسی بووە لە سەردەمی رژێمی پێشووی سەدام مەدالیای ئازایەتیی پێدراوە، دژی خۆپێشاندانی شەعبانییە بووە. هەموومان بەڵگەمان هەیە و رادەستی دادگە و دەزگاکانی حکومەتمان کردووە، لە ساڵی 2020 کەیسی بەعسیبوونی لەسەربوو، بەڵام نازانم چۆن گەڕاندیانەوە. پاشان خانەنشین کرا، دواتر گەڕێندرایەوە وەکو بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هونەریی ناوەندی وەزارەت."
 
بەهۆی زۆریی ژمارەی فەرمانبەرانی مانگرتوو، دەوام لە فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی پەکخراوە. رۆژانە لە دەستپێکی دەوام تاوەکو کۆتایی لە باخچە و حەوشی فەرمانگەکە وەکو ناڕەزایەتی گرد دەبنەوە.