لە ناسریە پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس بۆ زیندانییان دەکڕدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی عێراق ئامێری یاریی ڤیدیۆی "پلەیستەیشن 4" و "ئێکس بۆکس"ی بۆ زیندانییەکانی ناسریە دابینکرد، ئەمەش لەسەر داوای یەکێک لە زیندانییان بووە.
 
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد، ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆگرامی چاکسازیی 'هاوسەنگی'دایە، کە لەلایەن وەزارەتی دادەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەتایبەت بۆ گرتووخانەی ناوەندی ناسریە جێبەجێ دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد گوتیشی، "پرۆگرامی چاکسازی، بەپێی جۆری تاوان و هۆکارەکەی و پاڵنەرەکانی تاوان دیاری دەکرێت و دواترلەلایەن توێژەرەی کۆمەڵایەتییەوە بەدواداچوون بۆ داوای زیندانییان دەکرێت، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (18-25) ساڵ دایە، ئامانج لێی شیاندنەوەی فیکری و پیشەییانە."
 
بەگوێرەی قسەی موراد ساعدی، بەرنامەی "هاوسەنگی" کە لەسەر 1500 زیندانیی نێو گرتووخانەی ناسریە جێبەجێ دەکرێت، چەندین چالاکی لەخۆدەگرێت، لەوانە:
 
• وۆرک شۆپی فیکری: بۆ راستکردنەوەی تێگەیشتنە هەڵە ئایینییەکان و پتەوکردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و میانڕۆیی.
• نەهێشتنی نەخوێندەواری، بۆ ئەو زیندانییانەی کە خوێندەوارییان نییە.
• وۆرک شۆپی فیربوونی پیشەیی لە بوارەکانی وەک دروومان، دارتاشی و چاککردنەوەی ئامێرە کارەباییەکان.
 
ساعدی دەڵێت، "ئامانج لەم بەرنامەیە ئەوەیە کە زیندانییەکان لەدوای ئازادبوونیان بتوانن بە شێوەیەکی ئەرێنی تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە و ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ تاوان و تووندڕۆیی کەمبکرێتەوە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد گوتیشی، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆی عەین، ساڵانە 50 کورسی خوێندنی زانکۆ لە بەشەکانی (یاسا، پەروەردەی ئینگلیزی و پەروەردەی وەرزش) پێشکەش بەو زیندانییانە دەکرێت کە قۆناخەکانی خوێندنیان (خوێندنی خێرا)بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ دوو زیندانی نێو گرتووخانەکە بوونە یەکەمی سەر ئاستی بەشەکەیان لە (بەشی یاسا و بەشی پەروەردەی ئینگلیزی).