موقتەدا سەدر لەبارەی سووتاندنی قورئان: درۆی ئازادی و دیموکراسی ئاشکرا کرد


رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، لەلایەن ژنە بەربژێرێکی کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا لە ویلایەتی تێکساس رایگەیاندووە، "جارێکی دیکە رۆژئاوا رق و کینەی خۆی بەرامبەر بە ئایینی ئاسمانیی ئیسلام رادەگەیێنێت."
 
سەدر دەڵێت، "ئەمە جێگای سەرسووڕمان نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و سەرسووڕمانە، بێدەنگیی هاوتا ئاینییەکانمانە کە ئایینە ئاسمانییەکانیان خۆشدەوێت، سەبارەت بەم کارە تاوانکارییە شەرمەزارکەرەی رق و کینە و پێشێلکردنی هەست و باوەڕی ملیۆنان کەسە."
 
بە بڕوای موقتەدا سەدر، "ئەم بێدەنگییە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە دوورە لە (سامی بوون؛ زاراوەیەکە بە دژە جوولەکایەتی دەگوترێت، وەک گرووپێکی رەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی)، ئەگینا تاوانێکی جیهانی لێخۆشنەبوو دەبوو کە دەزگا رۆژنامەوانی و نامرۆڤەکانی دەلەرزاند."
 
سەدر دەپرسێت، ئایا لەئامێزگرتنی ئایین جۆرێکی ئازادی نییە؟ هێرشکردنە سەر ئایینەکان جۆرێک لە سەرکوتکردنی ئازادی ئایین و باوەڕ نییە؟
 
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە پێی وایە، خوا "درۆی ئازادی و دیموکراسی بێباکانەی" وڵاتانی رۆژئاوای ئاشکرا کردووە و نووسیویەتی، دیموکراسییەکە بە دوو پێوەر بەکاردەهێنن، "هەرچی دژی تۆ بێت حەرام قەدەخەیە و هەرچی دژی ئەوانە بێت کە بە دوژمنی خۆتیان دەزانن حەڵالە. هەرچی لە بەرژەوەندیتاندا بێت ئەرکە، هەرچی لە بەرژەوەندی ئەو کەسانەدا بێت کە دژایەتییان دەکەن، تیرۆر و دیکتاتۆریەت و دواکەوتووییە."
 
لەکۆتاییدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێوە ئەی دواکەوتووەکان، گومەزە ئاسنینەکانتان هیچ سوودێکی بۆ ئێوە نابێت، کاتێک سزای ئاسمانیتان بۆ دێت، کەواتە چاوەڕوان بن، چونکە منیش چاوەڕوانم."
 
رووداوی سووتاندنی قورئانەکە، رۆژی دووشەممەی رابردوو بوو. گرتە ڤیدیۆکە بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و لەلایەن موسڵمانان و گرووپەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ئیسلامەوە رەخنەیان لەو بەربژێرە گرت. 
 
بەربژێرەکە لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، ئەمریکا گەلێکی کریستیانە، بۆیە موسڵمانانی ئەمریکا دەتوانن بڕۆن لە وڵاتانی ئیسلامی بژین.