پەرلەمانی عێراق دەنگی بە تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەری شیعە دا
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق دەنگی بە تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەریی شیعە دا کە 337 بڕگەیە، وەک تەواوکاریی جێبەجێکردنی هەموارى یاسای باری کەسی و کارکردنی دادگەکان بەگوێرەی ئەو مەزهەبە بۆ مامەڵەکانی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیری.
چوارشەممە 27ـی ئابی 2025، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەنگ بە تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەری درا، بەڵام رەشنووسەکەیمان نەبینی، بە دەنگدان ئەو بڕگەیە کە تایبەتە بە مەزهەبی شیعە هەموارەکە لە دادگەکانى عێراق کاری پێدەکرێت."
تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەری لەلایەن وەقفی شیعە ئامادە کراوە، بەشێکە لە بنەماکانی جێبەجێکردنی هەموارى یاسای باری کەسی بۆ ئەوەی لە پرسەکانی تایبەت بە هاوسەرگیریی شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە کاری پێبکرێت.
سروە محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژن و خێزان و منداڵی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێک لە پەرلەمانتاران لەکاتی دەنگدان بەو تۆمارگەیە هاتنەدەرەوە و رەشنووسەکەشیمان نەبینی بەر لەوەی دەنگی لەسەر بدرێت."
هەموارى یاسای باری کەسی لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، 17ی شوبات لە رۆژنامەی وەقائیعیی عێراقی بڵاو کرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردن، بەڵام لە هەموارەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە پێویستە وەقفی شیعە تۆمارگەیەکی حوکمەکانی مەزهەبی جەعفەری ئامادە بکات بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، کە تایبەتە بە وردەکاریی مامەڵەی دادگەکان لەگەڵ پرسەکانی تایبەت بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە لەنێو شیعەدا.
مورتەزا ساعیدى، جێگرى سەرۆکى لیستى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى پەرلەمانى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەری 337 بڕگەیە کە تایبەتە بەو یاسایە. چەندین ساڵە مەرجەعیەت داوای دەکات و لە دوای ساڵی 2003ـەوە چەند جارێک هەوڵدراوە کە ئەو یاسا هەمواربکرێتەوە و سەری نەگرتووە، بەڵام لەم خولەی پەرلەماندا هەموارەکە کرا.
بەگوێرەی هەموارەکە ئەو کوڕ و کچەی لەسەر مەزهەبی جەعفەریی شیعە هاوسەرگیری دەکەن و گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان لە دادگەی باری کەسی تۆمار دەکرێت، ناتوانن دواتر بژارەی مەزهەبەکەیان لەو هاوسەرگیرییە بگۆڕن.